دەزگای رۆشنبیری پارتی: گوێمان لە موزایەدات و لێكدانەوەی بێویژدانانە دەبێت

  2020-08-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی رایگەیاند، گوێمان لە موزایەدات و لێكدانەوەی ناحەق و بێویژدانانە دەبێت و دەشڵێت ئەوان ئێزدیەكانیان لە چیای شەنگال پاراستووە.

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی تۆمەتباركردنیان بە نەپاراستنی ئێزدیەكان لە ساڵی 2014دا رایگەیاند "گوێمان لە موزایەدات و لێكدانەوەی ناحەق و بێویژدانانە دەبێت" كە ئامانجیان لێ لەكەداركردنی پارتییە. 

لە راگەیەندراوێكدا بەشی رۆژنامەوانی دەزگاكە لە وەڵامی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی هێزەكانیان كە لە ساڵی 2014دا هاوڵاتیانی ئێزدی بەجێدەهێڵن دەشڵێت  "هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت كە ئەگەر كار گەییشتە بەرگریكردن و شەڕ لەپێناو كوردستان، ئەوە پارتییە شەڕی دوژمن و ناحەزانی كوردستان دەكات و شانیش دەداتە بەرپرسیارێتی و خۆی بە خاوەنی سەركەوتن و شكستەكان دەزانێت".

ماوەی چەند رۆژێكە لە سۆشیالمیدیا بەشێوەیەكی فراوان گرتە ڤیدیۆ و وێنەی هەڵهاتنی هێزەكانی پارتی لە شنگال و دەوروبەری بڵاو دەكرێتەوە و پارتی تۆمەتبار دەكرێت بە نەپاراستن و بەجێهێشتنی ئێزدیەكان، لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لە حزبەكەیان دەگیرێت دەزگاكەی پارتی دەشڵێت "لە سەرەتاكانی شەڕی داعشدا هێزی پێشمەرگە چەكی پێویستی لەبەردەست نەبوو، عێراق ئابڵۆقەی چەكی خستبووە سەر پێشمەرگە و ئەمریكایش ڕێگەی نەدەدا وڵاتان چەك بفرۆشنە پێشمەرگە، كەچی داعش چەك و ئیمكانیاتی سوپاكانی دو دەوڵەتی سوریا و عێراقی كەوتبوە دەست،  لەكاتی داگیركردنی شنگالدا لە لایەن داعشەوە لە 3ـی ئابی 2014 پێشمەرگە تەنیا چەكی سووكی لەبەردەست بوو، شنگالیش 70 كیلۆمەتر لە هەرێمی كوردستان دوور بوو".

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی ئاشكرایكردووە لەو كاتەدا هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی چەكدارانی داعش بكەن و هێز رەوانەی ناوچەكە بكەن بەڵام لەلایەن بەشێك لە هۆزە عەرەبەكانی هاوپەیمانی داعش رێگریان لێكراوە. 

هەرچەندە پەكەكە ژمارەیەك گەریلای خۆی لە چیای شنگال جێگیر كردبوو، بەڵام دەزگاكەی پارتی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانیان لەو چیایە ماونەتەوە و خەڵكی ئێزدیەكانیان پاراستووە، باسی لەوەش كردووە "مەسعود بارزانی خۆی سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی كرد و بەڵێنی ئەوەی بە كوردانی ئێزدیدا كە لە ماوەی كەمتر لە سەت ڕۆژ ڕێگەكانی دەڤەری شنگال و چیای شنگال ئازاد بكات". 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ ماوەی شەش ساڵ بەسەر کارەساتی ئێزدییەکان تێپەڕیکرد کە ئەو رووداوە لە کاتی خۆیدا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئەو کاتەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە تاوانبارانی بەجێهێشتنی ئێزدییەکان پێکهێندرا، بەڵام تا ئێستا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە هیچ کەسێک سزا نەدراوە و ئەو بەرپرسە ئەمنیانەی ئەو کاتە لەو ناوچەیە بوون دواتر پۆستی دیکەیان وەرگرتووە. 


ڕیکلام