بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی قەزای ئاکرێ لەبارەی وەرگرتنی پارە لە ژمارەیەک خوێندکار لەپێناو پشکنینی تایبەت بەکۆرۆنا بۆیان، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووداوەکە بەهەڵە و بەهۆی لێکتێنەگەیشتنەوە بووە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی لە لایەن ژمارەیەک لە خوێندکاران لە گوندەکانی تلبۆک و گۆرانکێ لە سنوری قەزای ئاکرێ داوا لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی قەزاکە کرا، تیمێک بنێرێت بۆئەوەی پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆبکرێت، تەندروستی ئاکرێ داواکەیانی جێبەجێکرد و لەبەرامبەردا پڕە پارەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە لێوەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکراوە کە بەهەڵە ئەو پارەیە لەو خوێندکارانە وەرگیراوە و بەهۆی ئەوەبووە کە لێکتینەگەیشتن لە نێوان تیمەکانی تەندروستی و خوێندکاراندا دروستبووە .
ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای ئەوەی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە کراوە، لەلایەن تەندروستی ئاکرێوە، پارەکە بۆ ئەو خوێندکارانە گەڕێندراوەتەوە .
ئەوە لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا و بەهۆی دەستنیشانکردنی ١٩ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەردوو گوندی تلبۆک و گۆرانکێ لە سنوری قەزای ئاکرێ، دوو گوندەکە کەرەنتین کراون و زیاتر لە ٨٠ سامپڵ لەو دوو گوندە لەو کەسانە وەرگیراون کە گومانی ئەوەیان لیدەکرا، بەرکەوتەی تووشبووەکان بن .