بەیروت.. شارێکی دڵگیر بەڵام هەمیشە کارەساتبار

  2020-08-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بەیروت، ئەو ناوەی کە بەتەمەنەکانی کوردستان، بە ئازار شکێن و ناوچەیەک بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان ناویان دەهێنا و نەوەی ئێستاش سەربارى ناوچە گەشتیارییەکانى، بە ناوچەی پارە بلۆککراوەکانی هەرێمی کوردستان دەیناسن، بەڵام ئەو ناوچەیەی لە کۆندا بەجوانی و شۆخی کچەکانی و ڕازاوەیی و پاکیی ئاو و هەواکەی ناوی دەرکردبوو، ئێستا ئاسمان و زەوییەکەی پڕ بووە لە ژەهری ماددەی کیمیایی و لە ناوچەیەکی سەوزپۆش بە دار و درەختەوە، بووەتە ناوچەیەکی داپۆشراو بە تەمی چەند تەقینەوەیەکی گوماناویی.

لوبنان ئەو وڵاتە دڵگیرە، لە دواى سەرهەڵدانى کێشەکانى عەرەب-ئیسرائیلەوە ئەویش ئارامى و ئیسراحەتى لێبڕاوە، هەرچەند ساڵ جارێک دەبێت گیرۆدەى شەڕ و ماڵوێرانییەک ببێت.

لە جەنگی عەرەب-ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧دا، لوبنان هیچ ڕۆڵێکی نەبوو تێیدا، بەڵام تەواوبوونی جەنگەکە کاریگەری بەسەر ئەو وڵاتەوە هەبوو، بەجۆرێک فەڵەستینییەکان خاکی لوبنانیان بەکارهێنا بۆ ئاراستەکردنی موشەک بەرامبەر ئیسرائیل.

 لە ساڵی ١٩٧٥دا ماڵوێرانى لوبنانییەکان زیاتر بوو، کاتێک جەنگی ناوخۆیی هەڵگیرسا کە 15 ساڵى ڕەبەقى خایاند و سەرتاپاى وڵاتەکە و بەیروتى دڵڕفێن، بوون بە سوتماک و لاشەى لوبنانییەکان لەسەر شەقامەکان کەوتبوون.


جەنگی ناوخۆی لوبنان 1975
------

ئەم جەنگە ناوخۆییە بەهۆی ئەوەوە دروستبوو کە یەکێک لە ئەندامانی حزبی کەتایبی لوبنانی بۆسەی بۆ پاسێک دانابوو کە بەوتەی خۆیان لە رابردوودا ئەو کەسانە هێرشیانکردووەتە سەر کەنیسەیەکی ئەوان لە هەمان ناوچەدا لە ئەنجامدا ٢٧ کەس کوژران کە هەموویان فەڵەستینی بوون، ئیتر لە دوای ئەو ڕووداوەوە جەنگی ناوخۆیی ڕووی لەو وڵاتە کرد و تائێستاش شوێنەوارەکانى هەر ماوە.

لەگەڵ بەردەوامی جەنگی ناوخۆدا لەو وڵاتەدا، ئیسرائیلیش کەوتە تۆڵەکردنەوە لە لوبنان بەهۆکاری ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٧دا و لە گەرمەی جەنگی عەرەب-ئیسرائیلدا ڕێگەی بە فەڵەستینییەکان داوە لە خاکەکەی ئەوانەوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و لە تۆڵەی ئەوەشدا ئیسرائیل لە ١٩٧٦دا هێرشی کردە سەر باشوری لوبنان و داگیری کرد.

لە ساڵی ١٩٨٢ بەشیر جەمیل کە سەرۆکی گروپە میلیشیاییەکانی لوبنان بوو، تیرۆر کرا و ئەمین جەمیلی برای شوێنەکەی گرتەوە و لەو کاتەشدا ئیسرائیل بەشی ڕۆژئاوای بەیروتی داگیرکرد و لەملاشەوە میلیشیا لوبنانییەکان لەگەل فەڵەستینییەکان لە جەنگدابوون.

دوا بەدوای ئەم رووداوانە وڵاتەکە بەسەر دوو حکومەتدا دابەشبوو، لە ساڵی ١٩٨٨دا، ئەمین جەمیل حکومەتێکی سەربازی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی بەیروت لەژێر فەرمانرەوایی میشێل عۆن پێکهێنا و سەلیم حۆسی سەرۆک وەزیرانیش ئیدارەیەکی لە موسڵمانەکان لە ڕۆژئاوای بەیروت دروستکرد.

جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە تا ساڵی ١٩٩٠ بەردەوام بوو و بە هێرشێکی فرۆکە سەربازییە سورییەکان بۆ سەر کۆشکەکەی میشیل عۆن و راکردنی لەو ناچەیە، جەنگەکە کۆتایی هات، بەڵام تەواوبوونی جەنگ بەمانای کۆتایهاتنی کێشەکانی ئەو وڵاتە نەدەهات.

کێشەیەکى تر بەرۆکى لوبنانى گرت ئەویش دروستبوون و گەشەکردنى چەکدارانی حزبوڵا بوو کە لە دوای بوونی بەسەرۆک وەزیرانی لوبنان بە فەرمانی رەفیق حەریری، لە ساڵی ١٩٩٦دا ئۆپراسیۆنی توڕەیی ترێی لە ناوچەی بیقاع لە دژیان کرد.

شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان حکومەت و میلیشیا چەکدارەکان بەرابەرایەتی حزبوڵا بەردەوام بوو، بە کوژرانی رەفیق حەریریش لە ساڵی ٢٠٠٥دا هیندەی تر گڕی شەرەکە توندتر بوو، ئەم دۆخە بەردەوامی هەبوو، دەستپێکردنی راپەرینەکانی بەهاری عەرەبی لە سوریا لە ٢٠١٢دا، بووە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی خوێناوی لە نێوان سونەکانی لوبنان و عەلەوییەکانی تەرابلوسی پایتەختی لیبیا و بەیروتدا.

لە ئێستادا سەرەکیترین هێزی چەکداری لوبنان کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت کار دەکەن، چەکدارانی حزبوڵان بەسەرۆکایەتی حەسەن نەسروڵا، کە ئەم چەکدارانە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و هاوکاری سەربازییان بۆ ڕەوانە دەکرێت.

پەیمانگای بەرگریی لە دیموکراسییەت کە پەیمانگایەکی ئەمریکییە لە دواین لێكۆڵینەوەیدا باسی لەوە کردووە، کە حزبوڵا بە پشتیوانی ئێران زۆربەی ناوچەکانی لوبنانی داگیرکردووە و رەفتارەکانیشی بەجۆرێک مەترسی هەیە کە لە ئان و ساتدایە بۆ تەقینەوەی دۆخەکە لەو وڵاتەدا، لەبەر ئەمەش هیچ وڵاتێک ئامادە نییە هاوکاری پێشکەش بە وڵاتێک بکات کە بۆ خراپکردنی دۆخەکەی تەنیا ئەوە مابێت پەنجە بنرێت بە پەلە پیتکەی چەکەکەدا.

هەرچەندە لە ناوەراستی ساڵی رابردوودا، خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی لوبنانی لە دژی زیادکردنی باج و خراپی دۆخی دارایی هاوڵاتیان دەستی پێکرد و بووە هۆی ئەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیران نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بە میشێل عۆنی سەرۆکی وڵات بکات بەڵام لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە داواکارییەکەی ڕەتکرایەوە.


خۆپیشاندان لە بەیروت لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو
---- 

بەپێی دواین راپۆرتی پەیمانگا ئەمریکییەکە کە یەک ڕۆژ بەر لە ڕووداوی تەقینەوەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە سپیکردنەوەی پارە لە لایەن حزبوڵاوە، یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە لوبنان بکەوێتەوە قیرانی داراییەوە بە جۆرێک نەتوانێ بری قەرزەکانی کە یەک پۆینت دوو ملیار دۆلارە بداتەوە و بەهۆی ئەوەشەوە بری ئەو سوەی کە دەچێتە سەری بۆ یەک پۆینت پێنج ملیار دۆلار زیاد بکات، پەیمانگاکە پێیوایە کە چارەسەری دۆخی خراپی لوبنان تەنیا بە پرۆژەی ڕزگاری نیشتمانی نابێت و پێویستە چاکسازی ڕاستەقینە لە هەموو بوارەکاندا بکرێت و دەستی میلیشیاکان و ئێران لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا ببڕدرێت.

تەقینەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە ئابووری ئەو وڵاتە بخاتەوە سەر لێواری داڕمان کە بە وتەى پارێزگارى بەیروت قەبارەى زیانەکانى تەقینەوەکە لە نێوان 3 بۆ 5 ملیار دۆلار دایە.

بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری لە لوبناندا، لە ئێستادا جۆرێک لە گومان بەرامبەر ئەوەی کە ئایا تەقینەوەکان خۆکرد بوون، یا مرۆڤ کرد بوون دروست بووە.

دوای تەقینەوەکان سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بە سەرنجدانیان بۆ ساتی تەقینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە کە هێرش بووە.

لە سەرەتای رووداوەکەشدا، میدیاکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند کە بەهۆی گڕگرتنی کۆگایەکی یاری ئاگرینەوە ئەو رووداوە رویداوە، بەڵام دواتر ئەنجومەنی بەرگری باڵای لوبنان رایگەیاند، کە بەهۆی تەقینەوەی نزیکەی سێ هەزار لە نیتراتی ئەمۆنیا بووە لە بەندەری بەیروتدا.

بەپێی سەرچاوە زانستییە کیمیاییەکان، ئەو مادەیە بەهۆی زۆری و خراپ هەڵگرتنەوە دەتەقێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حزبوڵا لە ساڵی ٢٠١٧دا رایگەیاند، نزیکەی ٨٠ هەزار کەس لە ناوچەیەکدا دەژین کە نیتراتی ئەمۆنیاى تێدایە و بە بەرکەوتنی تەنیا یەک موشەک، وەک ئەوە وایە بۆمبی ئەتۆم تەقیبێتەوە و ئەو خەڵکەی لەو ناوچەیەن لەناویان دەبات.

تائێستا وا ڕاگەیەندراوە کە لە تەقینەوەکەدا زیاتر لە 130 کەس  گیانیان لە دەست داوە بەڵام ژمارەى ڕاستەقینە بە تەواوەتى ئاشکرا نەکراوە و بەشێک لە سەرچاوە تەندروستییەکانیش باس لەوە دەکەن کە ژمارەی بریندارەکانی ئەو رووداوە بۆ نزیکەی هەشت هەزار کەس بەرزبووەتەوە.


 تەقینەوەکانی بەندەری بەیروت 
----- 

شەش ساڵ پێش ئێستا، کەشتییەک کە نیتراتى ئەمۆنیای ھەڵگرتبوو گەیشتە بەندەری بەیروت و نیتراتی ئەمۆنیاکە لە عەمباری تایبەتدا ھەڵگیرا کە دەوترێت 2700 تەن بووە
.

نیتراتی ئەمۆنیا، ماددەیەکی کیمیاییە کە شێوەی کریستاڵی وەک بەردی ھەیە و بۆ دانانی مین و تەقەمەنی بەکاردێت، بەھۆی ھەرزانی نرخەکەیەوە بە ئاسانی دەست دەکەوێت .

ئەم ماددەیە خۆی مەترسی تەقینەوەی نییە، بەڵام جۆری ھەڵگرتنەکەی مەترسی دروست دەکات .

ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر ھەڵبگیرێت، ئەوکاتە بڕێکی زۆر شێ ھەڵدەمژێت و دەبێتە پارچە بەرد، کە لەم کاتەشدا ھێشتا مەترسی تەقینەوەی نییە، بەڵام بە لێنزیکبوونەوەى پریشکی ئاگرێک، کارلێکە کیمیاییەکانی ماددەکە زیاد دەبن و مەترسی زوو گڕگرتن و تەقینەوەی زیاد دەبێت .

بە تەقینەوەى نیتراتی ئەمۆنیا، دوو گازی ژەھراوی لە هەوادا بڵاودەبێتەوە کە ئەوانیش نایترۆجین ئۆکسید و گازی ئەمۆنیان کە کاریگەری لەسەر پیسبوونی ھەوا و ژینگە دروست دەکەن کە کاریگەری لەسەر ئەو کەسانەش دروست دەکەن کە نزیکن لە شوێنی ڕووداوەکەوە .

ڕووداوەکەى بەیروت یەکەم ڕووداو نییە کە بەهۆى ئەم ماددە کیمیاییەوە ڕوویدا بێت بەڵکو لە ١٩٢١دا، چوار ھەزار و ٥٠٠ تەن نیتراتی ئەمۆنیا تەقییەوە لە ئەڵمانیا و ٥٠٠ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا .

لە ١٩٤٧دا لە ئەمریکا، لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو ھەزار تۆن لەھەمان ماددە، ٥٨١ کەس گیانیان لەدەستدا .

لە چین لە ٢٠١٥دا، بەھۆی تەقینەوەی نیتراتی ئەمۆنیا و چەند ماددەیەکی کیمیایی تردا، ١٧٣ کەس گیانیان لەدەستدا.




ڕیکلام