وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا 3461کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و 75 کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق نوێترین ئامارەكانی كۆرۆنای لە وڵاتەكەدا راگەیاند و ئاشكرایكرد لە 24 كاتژمێری رابردوودا، سێ هەزار و 461 تووشبووی نوێ دەستنیشانكراون و 75 كەسیش دوای توشبوونیان بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتەكە روونیكردووەتەوە لەو ماوەیەدا دوو هەزار و 172 تووشبوو چاكبوونەتەوە، زۆرینەی تووشبووەكانیش لە پارێزگای بەغدا بوون دوای ئەو كەربەلا دواتریش هەولێر.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق تا ئێستا ملیۆنێك و 110 هەزار و 258 پشكنینی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامدراوە، لە نێویلاندا 144 هەزار و 64 توشبوو دەستنیشان كراوە.
وەزارەتەكە ئاشكراشیكردووە تائێٍستا، 103 هەزار و 197 تووشبوو چاكبوونەتەوە و پێنج هەزار و 236 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.