بەفەرمانی کازمی مادە مەترسیدارەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا دووردەخرێنەوە

  2020-08-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەرجەم ئەو مادە و کەلوپەلانەی کە جێگەی مەترسین بۆ تەقینەوە و گڕگرتن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دوورخرانەوە.

لە بەیاننامەیەکدا دەستەی دەروازە سنورییەکان ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمان و ڕێنمایی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی بەپەلە پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنی ئەو مادانەی کە زۆر مەترسیدارن، وەک"مادە کیمیاییەکان، ئەو مادانەی بۆ چەند بواری جیاواز بەکاردێن، نتراتی ئامۆنیا"  بۆ ئەوەی لەسەرجەم دەروازە سنورییە وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەکان دووربخرێنەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە فەرمانکراوە بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاری سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگری، بۆ دابینکردنی کادر و ئامێری پێیوست بۆ گواستنەوەی ئەو مادانەی کە زۆر مەترسیدارن بۆ تەقینەوە، لە بەشی گواستنەوەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دووربخرێنەوە و ببرێنە شوێنێکی ئارام.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەموو ڕێوشوێنێک گیراوەتە بەر بۆ دوورخستنەوەی ئەو مادە و کەلوپەلانە لەناوچە ئاوەدانییەکان.



ڕیکلام