عیسام ئەلعریان سەرکردەی ئیخوان موسلیمین لەزیندان کۆچی دواییکرد

  2020-08-13  | 
عیسام ئەلعریان سەرکردەی دیاری کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لەناو زیندانەکەی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لەزاری پارێزەرەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە عیسام ئەلعریان سەرکردەی دیاری کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لەناو زیندانەکەی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

عەبدولمونعیم عەبدولومەقسود  پارێزەری عەریان بە ئاژانسە فەڕەنسییەکەی ڕاگەیاند "بەڵێ هەواڵەکە ڕاستە و دەسەڵاتداران ئاگاداریان کردوومەتەوە عیسام ئەلعریان کۆچی دوایی کردووە، منیش خێزانەکەیم ئاگادار کردووەتەوە لەپێناو جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنەوەی تەرمەکەی".

عریان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣وە دەستگیر کراوە، ئەو کات جێگری سەرۆکی حزبی ئازادی و دادپەروەیی بوو، کە بە باڵی سیاسی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دادەنرێت لەو وڵاتەدا.

پێشتریش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی و کوشتن و تێکدانی ئاسایشی گشتی و هاندانی کوشتنی خۆپیشاندەران لە دەرەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٢.

لەساڵی ٢٠١٣ وە دادگای باڵای میسر چالاکییەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمنی لەسەرجەم دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا قەدەغە کرد و دەستیش بەسەر هەموو سامانەکانیدا گیرا، دوای ئەوەی سوپای میسر، محەمەد مورسی سەرۆکی کۆچکردووی ئەو وڵاتەی لەپۆستەکەی دوورخستەوە.

عیسام ئەلعریان ناوی تەواوەتی، عیسامەدین محەمەد حسین ئەلعریانە و بە دکتۆر ئەعریان بەناوبانگ بووە.

لە ٢٨ی ئازاری ساڵی ١٩٥٤ لە پارێزگای جیزە لەدایک بووە.

لەساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هێناوە لە زانستی پزیشکی و نەشتگەریدا لە زانکۆی قاهیرە، پسپۆڕییەکەشی لە شیکردنەوەی خوێندا بووە.

لەساڵی ١٩٨٦ ماستەری لە باسۆلۆجیای ئیکلینکیدا بەدەستهێناوە.

لەساڵی ١٩٩٢ بڕوانامەی لیسانسی مافی بەدەستهێناوە لە کۆلێژی مافی زانکۆی قاهیرە.

لەساڵی ١٩٩٩ و مۆڵەتی باڵای لە شەریعەتی ئیسلامی لەزانکۆی ئەزهەر بەدەستهێناوە.

لە ساڵی ٢٠٠٠ بڕوانامەی لیسانسی لە ئادابدا لە زانکۆی قاهیرە بەدەستهێناوە.

لەساڵی ١٩٧٤وە پەیوەندی کردووە بەڕیزەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینەوە لە پارێزگای جیزە.

لەژیانی خۆیدا چەند جارێکی دیکە دەستگیرکراوە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

لەساڵی ١٩٨١ بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی کراوە، لە ساڵی ١٩٩٥ بۆ ساڵی ٢٠٠٠ لەداگاییەکی سەربازیدا بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە زیندانی کراوە.

دوای چەندین سکاڵا لەسەر خراپی ڕەوشی تەندروستی ناوبراو لەزیندانن ئەمڕۆ پێنجشەمەم ١٣ی ئابی ٢٠٢٠ لە زیندانی "عەقرەب" لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد.

 



ڕیکلام