چالاکێکی مەدەنی بەچەکی بێدەنگ لەبەسرە کوژرا

  2020-08-14  | 
تەحسین عەلی یەکێک لە چالاکوانە مەدەنییەکانی دیارەکانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەک چەکداری نەناسراو "تەحسین عەلی" چالاکی مەدەنیان لە شاری بەسرەی باشوری عێراق لەناو کۆمپانیاکەی خۆی کوشت.

بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمپانیا ئەو چالاکوانە و بە چەکی بێدەنگ نزیکەی ٢٠ فیشەکیان پێوە ناوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.

تەحسین خاوەنی کۆمپانیایەکی تایبەت بەبواری ئینتەرنێت بووە لە شەقامی "بەهو" لە ناوەندی شاری بەسرە

تەحسین عەلی یەکێک بووە لە چالاکوانە دیارەکانی ناو خۆپیشاندانەکانی عێراق، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد، بۆ داواکاری باشترکردنی دۆخی ئابوری  و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراقدا.

دوای دوو مانگ لەبەرپابوونی خۆپیشاندانەکان لەعێراق، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی وەزیرانی پێشووی عێراق ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

لە کۆتایی مانگی تەموزی ڕابردوودا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، ٥٦٠ کەس لەکاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

لەو ماوەیەک زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق رووبەڕووی کوشتن و ڕاوەدوونان و دەستگیر کرد بوونەوە.

دۆسەی تیرۆری بێدەنگ یەکێک لە دۆسیە ونبووەکانی عێراق و حکومەتەکەی کازمیشی رووبەڕووی ڕەخنەی زۆر کردووەتەوە، کە ناتوانێت وەک پێویست کۆنترۆڵی میلیشا چەکدارەکان بکات لەناوخۆی وڵاتەکەیدا.

مانگی ڕابردووش ژمارەیەک چەکداری نەناسراو، هیشام هاشمی لێکۆڵەر و نووسەری دیاری عێراقیان لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەبەغدا تیرۆر کرد.



ڕیکلام