دوو پەرلەمانتاری دیكە واژۆكانیان لەسەر پێشنیارە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی كێشایەوە

  2020-08-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوو پەرلەمانتاری كوردستان بڕیاریاندا وەك رێزگرتن لە رای هەندێ‌ میدیاكار و نوسەران كە نیگەرانن لە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان واژۆكانیان دەكێشنەوە.

 ئەو دوو پەرلەمانتارە كە ئێستا وەك سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان كار دەكەن ئاماژەیان بەوە كردووە رۆشنبیران و میدیاكاران مەترسیی خۆیان نیشانداوە لە داهاتودا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانیی بكرێتە یاسایەكی مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر میدیای ئەلكترۆنیی.

ئەو دوو پەرلەمانتارە راشیانگەیاندووە ئەوانیش هەمان مەترسییان هەیە "بەزۆرینەی پەرلەمانیی ئەم پێشنیازە یاسایە بەلارێداببرێت و بۆ خزمەتی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان دا بەكاربهێنرێت و لەبری ئەو رێكخستنەی لە پێشنیازە یاساكەدا هاتوە، بكرێتە كۆتوبەند".

لە نوسراوەكەیاندا جگە لە كشاندنەوەی واژۆكانیان داواشیان كردووە "خوێندنەوەی دووەمی ئەم پێشنیازە یاسایە" رابگیرێت و "پێداگریش دەكەین لەسەر خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە هەمواری یاسای "بەرەنگاربونەوەی تێرۆر" و سزانەدانی میدیاكاران بە یاسای ناوبراو".

ئەوەش دوای ئەوە هات كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان واژۆكانیان لەسەر ئەو پڕۆژەیە كێشایەوە بەهۆی هەمان مەترسی میدیاكارانی هەرێمی كوردستان. 


ڕیکلام