ئایا لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنمان هەیە؟
ئەم كتێبەی بەختیار عەلی یەكێكی دیكەیە لە زنجیرەی كارە تیۆرییەكانی نووسەر، كە لە پاڵ ڕۆمان شیعرەكانیدا چاپ و بڵاویان دەكاتەوە، ئەوەی گرنگە لەم كتێبەدا ئەوەیە خوێنەر دەتوانێت بەجارێك تەواوی ئایدیا و تێڕوانینی نووسەر دەربارەی بابەتێكی وەكو ئۆپۆزسیۆن بزانێت، بەتایبەت ڕوانگەی نووسەر بۆ ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان و پرسیاری ئەوەی ئایا هەر بە ڕاستی ئێمە خاوەنی ئۆپۆزسیۆنین یان ئەوەی هەیە تەنیا ناوی ئۆپۆزسیۆنە و لە ناوەڕۆكدا هەمان خەونی ئەو هێزانەی هەیە كە دەستەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەم پەڕەگرافەی خوارەوە وردتر ئەو نیگایەی نووسەرمان بۆ دەخاتەڕوو:
ڕاستە لە كوردستاندا حیزبی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە گۆڕێ نییە، بەڵام ھەستێكی گشتی لە ناو كۆمەڵێك خەڵكدا ھەیە كە پێیانوایە ئۆپۆزسیۆنن و لە ڕۆحی ئۆپۆزسیۆن بوونەوە قسەدەكەن، ئەوانە وەك حیزبێكی یەكگرتوو دەرناكەون، بەڵكو وەك ھەڵگری مۆڕاڵێكی یەكگرتوو دەردەكەون كە پێكڕا لەسەر ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی كوردی تەبان، بە جۆرێك قسەدەكەن و ھەڵوێست وەردەگرن و كێشەكانی ژیان دەبینن، «دژایەتی دەسەڵات» لە سەنتەری تێڕوانینیاندایە و شوناسی فیكری و سیاسی و ئەخلاقی خۆیان لەسەر ئەو دژایەتییە داڕشتووە.
ھەڵبەت ئەمە كارێكی مەزن و باش دەبوو گەر قوڵایی ڕاستەقینەی خۆی بپێكایە، بەڵام كە لە ئاستی ڕوكەشدا مایەوە، دەبێتە زەمینەسازكردن بۆ جۆرە مۆڕاڵێك دەیانجار لە مۆڕاڵی دەسەڵات ترسناكتر.
دەسەڵاتی قەیسەری دەسەڵاتێكی ستەمكار بوو، بەڵام ستالینییەت كە دوای قەیسەرییەت ھات جیھانێكی وەھا تاریك و ترسناكی دروستكرد كە بە قەیسەرییەت بەراورد ناكرێت، ھاوارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بۆ داد و یەكسانی لە زەمانی شادا، بە دامەزراندنی جۆرە ستەمكارییەكی دینی دوایی ھات كە لای ھەموومان بینراو و ئاشكرایە... بە گشتی مێژوو پڕە لەو ئۆپۆزسیۆنانەی لە دەسەڵات ترسناكتر و دڕندەترن.
لێرەوە ئۆپیزسیۆن بوون خۆی لە خۆیدا فەزیلەت نییە، گەر ڕەخنەگرتن لە دەسەلات لەسەر مۆڕاڵێكی مرۆڤدۆستانەی ڕوون و لەسەر ھزرێكی كراوە دانەڕێژرابێت، گەر بەرھەمی پرۆژەیەكی ڕۆشنگەری ڕاستەقینە نەبێت، دەشێت مۆدێلێك لە دەسەلات دروستبكات ترسناكترە لە دەسەلات خۆی.
لێرەوە زۆر جار بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژ تێبگەین دەبێت سەیربكەین چ جۆرە مۆڕاڵێكە دەیەوێت خۆی بە ئەلتەرناتیڤی ئەو دەسەڵاتەی ئەمرۆ پیشانبدات، ڕەخنەگرتن بە دەنگی بەرز دژی دەسەلات، بەشێكی بچوكی گەمەكەیە، لە پشت ئەو ڕەخنەیەوە دەبێت بۆ ئەو مۆڕاڵە بگەڕێین كە ڕەخنە دەگرێت، دەبێت ببینین لە دەرەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات چۆن دونیا دەبینێت؟ ڕیشە فیكرییەكانی چین؟ حوكم و پێوەرە ئەخلاقییەكانی لە كوێوە ھاتوون؟ بە چ ئایدیایەكەوە بۆ مرۆڤ و ئازادی و مافەوە قسەدەكات؟ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات چ سودێكی ھەیە، كە لەسەر بنەما و تێگەیشتنێكی نوێ بۆ چەمكگەلی وەك مرۆڤ و ماف و ئازادی دروست نەبووبێت.
دەسەڵات فیكری نەبوو كۆمیدیایە، بەڵام گەر ئۆپۆزسیۆن فیكری نەبوو تراژیدیایە ... ئێمە ئەمڕۆ لە نێوان ئەو كۆمیدیا و تراژیدیایەدا دەژین و جۆلانێ دەكەین.
خوێندنەوەیەك بۆ سروشت و مۆڕاڵی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا
لە كتێبی: « ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێتەكانی»ـەوە