کازمی فەرماندەی پۆلیسی بەسرەی لەپۆستەکەی دوورخستەوە

  2020-08-17  | 
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمڕۆی شاری بەسرە لەسەر تیرۆرکردنی چالاکوانە مەدەنییەکە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەفەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەشید فلەیح لە پۆستی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای بەسرە لەپۆستەکەی دوورخرایەوە.

میدیاکانی عێراق لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە، کازمی فلەیحی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە و جێگرەی کارەکانی ڕایی دەکات، تا ئەو کاتەی فەرماندەیەکی نوێ بۆ پۆلیسی بەسرە دیاریدەکرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی بەسرە لەپۆستەکەی، دوای ئەو پێشێلکارییە ئەمنییەکانیانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بوو کە لەشارە روویاندا، دیارترینیان تیرۆرکردنی "تەحسین ئوسامە" چالاکی مەدەنی و یەکێک لەڕابەرانی خۆپیشاندانەکانی عێراق.

هەر ئەمڕۆش لەبەسرە بەسەدان هاوڵاتی لەشەقامەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، وەک ناڕەزاییەک لەدژی تیرۆرکردنی ئەو چالاکوانە.

ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمپانیا ئەو چالاکوانە و بە چەکی بێدەنگ نزیکەی ٢٠ فیشەکیان پێوە ناوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون .

تەحسین خاوەنی کۆمپانیایەکی تایبەت بەبواری ئینتەرنێت بووە لە شەقامی "بەهو" لە ناوەندی شاری بەسرە

تەحسین ئوسامە یەکێک بووە لە چالاکوانە دیارەکانی ناو خۆپیشاندانەکانی عێراق، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد، بۆ داواکاری باشترکردنی دۆخی ئابوری  و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراقدا.



ڕیکلام