هۆکاری کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە ئاشکرادەکرێت

  2020-08-17  | 
روژهەڵاتی ناوەڕاست
قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سی ئێن ئێن هۆکاری کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئێران بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان پارە بە تاڵیبان دەدات و ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی کوشتنی قاسم سلێمانی بوو.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کە دەست سی ئێن ئێن کەوتوون، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رێگە و چۆنیەتی پێدانی ئەو پارانەیان دۆزیوەتەوە کە ئێران وەک پاداشت داویەتی بە رێکخراوی تاڵیبان، لەپێناو شەش هێرشی چەکدارانی رێکخراوەکە کە ساڵی رابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەنجامیانداوە، پەلامارەکەی تاڵیبان بۆسەر بنکە سەربازی ئەمریکا لە شاری بەگرام-یش، یەکێک بوو لەو هێرشانە.

پاییزی ساڵی رابردوو، چەند چەکدارێک هێرشیانکردە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەگرام و دواتر خۆیان لەناو ناوەندێکی تەندروستیدا حەشاردا و لەئەنجامدا بەهۆێ زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانان کوژران. لە هێرشەکەدا دوو کەسی مەدەنی کوژران و ٧٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە چواریان کەرمەندی ئەمریکا بوون.

سی ئێن ئێن ئاشکرایکردووە، لەپێناو ئەنجامدانی ئەو هێرشە، وڵاتێکی دەرەکی پارەی داوە بە تۆڕی حەقانی لە ئەفغانستان کە بە گروپێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدەدرێت و لەلایەن جێگری سەرۆکی تاڵیبانەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەرچی ناوی ئەو وڵاتە لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا ئاشکرانەکراوە و بەنهێنی ماوەتەوە، بەڵام دوو سەرچاوەی نزیک لە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە سی ئێن ئێن-یان راگەیاندووە، ئەو وڵاتە ئێرانە.

لەوبارەیەشەوە رۆبێرت لودویک وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئەوان هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان ئاشکرا ناکەن، بەڵام حکومەتی ئەمریکا چەندین جار بەئاشکرا و بەنهێنی داوای لە ئێران کردووە، کۆتایی بە رەفتارە خراپ و شەڕانگێزییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان بهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکخراوی ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت کۆتایی بە ١٩ ساڵ خوێنڕشتن لە ئەفغانستان بهێنن، بەڵام ئێران هەوڵدەدات پڕۆسەی ئاشتی نێوان هاوپەیمانان و تاڵیبان لاواز بکات، بۆئەوەی توندوتیژی و ناسەقامگیری لەناوچەکە بەردەوام بێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لەناو حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لێکوڵینەوە لەو راپۆرت و بەڵگەنامانە دەکات، ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەڵوێستی سەرەکی و سیاسەتی دەرەوەی کابول لەسەر بەرژەوەندی وڵاتانی جیهان و دراوسێ بنیاتنراوە بۆئەوەی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بۆ ئەفغانستان خۆش بکەن.

نزیکەی یەک مانگ دوای هێرشەکەی ساڵی رابردووی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە شاری بەگرام-ی ئەفغانستان، قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندس سەرۆکی پێشووی دەستەی حەشدی شەعبی، لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەکاتی گەڕانەوەیان لە سوریا، لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا کرانەئامانج و کوژران.

بەرپرسێکی باڵای ئێستا و لێپرسراوێکی پێشووی ئەمریکا و ئاگادار لەو هێرشە، بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-یان راگەیاندووە، لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا ئاماژە بەوەکراوە کە پەیوەندی ئێران لەگەڵ رێکخراوی تاڵیبان، یەکێکە لە هۆکارەکانی کوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن واشنتنەوە.



ڕیکلام