حکومەتی هەرێم فەرمانبەرانی دڵتەنگ کرد

  2020-08-18  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێشتا ئەو هەواڵە خۆشەی کە لەبەغداوە گەیشت بوو بەوەی 320 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکات وەک مژدانەیەک لەناو هاوڵاتیاندا باسی لێوە دەکرا، فەرمانبەران و موچەخۆرانیش چاوەڕوانی ئەوە بوون موچە بەبێ لێبڕین دابەش بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیهێشت ئەو خۆشحاڵی و گەشبینییە زۆر درێژە بکێشێت و لەڕێی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینەوە بڕیاریدا موچەی مانگی ئازاریش هەر وەک شوبات بە لێبڕینەوە دابەش بکرێت.


ڕۆژی دووشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی دیکەی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەسەر پرسی موچە ئەنجامدا و دوای چاوەڕوانییەکی زۆری موچەخۆران، بەپێچەوانەی بەڵێنی پێشووی خۆیەوە بڕیاریدا بۆ مانگی ئازاریش هاوشێوەی مانگی شوبات لێبڕینی موچە بەردەوام بێت، هەروەها بڕیاریدا بۆ مانگەکانی داهاتوو، ڕێژەی موچە بەپێی ئەو داهاتە بێت کە حکومەتی هەرێم دەستی دەکەوێت.

ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لێبڕینی 21٪ مووچە تەنیا بۆ یەک مانگ بێت، هەروەها ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان لەو کاتەدا بە میدیای فەرمی حزبەکەی وت " كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران كاتییە و تەنیا بۆ ئەم مانگەیە". 

بەڵام بەپێچەوانەی بڕیارەکەی پێشووی خۆی و لێدوانەکانی وەزیری دارییەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا، بۆ موچەی مانگی ئازاریش، هەمان ڕێوشوێنی مانگی شوبات جێبەجێ بکرێت، بڕیارەکەش کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە . 

حکومەتی هەرێم دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی رایگەیاند، بڕیاردرا مووچە بە پێی ئە‌و داھاتە‌ی كە‌ لە‌بە‌ر دە‌ستە‌، لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت. بۆ لەمەودواش ، پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لە‌گە‌ڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مووچە لە کاتی گونجاودا دابەش بکرێت بە پشت بە‌ستن بە‌داھاتە‌كانی ھە‌رێم كە‌ داھاتی نە‌وتی و نا‌ نە‌وتی و ئە‌و بڕە‌ پارە‌یە‌ی كە‌ لە‌ بە‌غداوە‌ دێت بۆ ھە‌رێم، ھەموو مانگێک ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت.

بەپێی بەیاننامەکەی حکومەت بێت، مووچە 30 رۆژ جارێک نادرێت و دەکرێت 30 رۆژ زیاتریش بدرێت بەو پێیەی حکومەت جەختلەوە دەکاتەوە بەپێی داهات و لەکاتی گونجا دابەشدەکرێت ئەوەش ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ فەرمانبەران کە 30 رۆژ جارێک چاوەڕوانی مووچە مەبن و ڕێژەکەشی لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی تر دەگۆڕێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بۆ مووچەی مانگی ئازار (375 ملیار) دیناری لەبەردەستە کە پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆیە ، لەگەڵ (320 ملیار) دیناری كە بڕیارە حکومەتی عێراق بینێرێت، ئەو دوو بڕەپارەش دەکاتە ( 695 ملیار) دینار بەڵام حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچە بەبێ لێبڕین  پێویستی بە (894) ملیار دینارە، واتا نزیكەی (200 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە.

لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە حکومەت تووشی قەیرانی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی پاشەکەوت دەکرد بەڵام لەم کابینەیەی مەسرور بارزانی مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت.

دوو کابینەیە بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی مووچەی فەرمانبەران لە خراپترین دۆخدایە، کەم مانگ بووە فەرمانبەران لەکاتی خۆی مووچە وەربگرن ئەوە سەرەڕای لێبڕینەکان. لە دوای ساڵی 2015 تاوەکو  ئێستا حکومەت 11 ملیار دۆلار قەرزاری فەرمانبەران بووە کە پارەی مووچەی پاشەکەوت کراو و 9 مووچەی تەواوی فەرمانبەرانە.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە سبەی سێشەممە 17-08-2020 وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت مووچەی مانگی سێ وەردەگرێت، ئەوەش پاش 52 رۆژ دێت لە وەرگرتنی موچەی مانگی شوبات، بڕیاریشدراوە کە میکانیزمی دابەشکردنەکەی بەهەمان شێوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بێت کە لە 21٪ مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت.



ڕیکلام