بەشێک لە ناوەرۆکی دیدارەکەی کازمی و ترەمپ ئاشکرابوو

  2020-08-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆڕناڵی ئەمریکا گرنگترین ئەو بابەت و دۆسیانەی ئاشکراکرد، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن تاوتوێی دەکەن.

ڕۆژنامەکە لەزاری لێپرسراوانی عێراقییەوە ئاشکرایکردووە، کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکا گفتوگۆ لەگەڵ سەرانی عێراقدا دەکات بە ئامانجی وەبەرهێنان لەکەرتی وزە لە کڵێگەیەکی نەوتی باشوری عێراقدا.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆ هاوبەشەکانی نێوان لێپرسراوانی باڵای عێراق و ئەمریکا، لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە ڕێککەوتن و گرێبەستانەدایە، کە کۆمپانیاکانی ئەمریکا خەریکن لەگەڵ حکومەتی عێراق ئیمزای دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو هەوڵانەش جارێکی تر متمانە دەگێڕێتەوە بۆ پیشەسازی وزە لە عێراق، کە ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنی و سیاسییەکانەوە، وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتە بەرەو لاوازی چووە، یان هەر وەستاوە.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، ئەو گفتوگۆیانەی کە کۆمپانیای شیڤرۆن لەگەڵ لایەنی عێراقیدا لەکەرتی وزەدا ئەنجامی داوە تەواو و بووە، چاوەڕواندەکرێت لەم سەردانەی کازمی بۆ واشنتۆن گرێبەستەکەی ئیمزا بکرێت.

بەگوێرەی وۆڵ سترین جۆڕناڵ لێپرسراوانی ئەمریکا و عێراقیش خوازیارن لەم سەردانەکەی کازمیدا بۆ واشنتۆن، ئەو پێشکەوتنەیان بۆ ئاشکرا بێت بە مەبەستی تەواوکردنی گرێبەستەکانی تایبەت بە وەبەرهێنانی پیشەسازی گازی سروشتی لەعێراق، کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای "هانیویلی نێودەوڵەتی " و "ستیلەر ئینەرجی"یەوە ئەنجام دەدرێن.

گفتوگۆکانی کۆمپانیای شیڤرۆن لەگەڵ حکومەتی عێراقی، تایبەت دەبێت بە پشکنینی نەوت لە کێڵگەی نەوتی ناسریە لەباشوری عیراق، بڕی نەوتی یەدەگی کێڵگەکە بە ٤ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو مەزەندە کراوە.

لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەدیدارە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ترەمپ و کازمی کە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆ دەکرێت دەربارەی ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دژایەتیکردنی تیرۆر و هاوکاریکردن لەبواری وزە ە و چەندین دۆسیەی دیکە، وەک ئەوەی کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە.

هەر لەڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی کازمی بەنیازە چەند ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئیمزا بکات، بۆ هاوکاریکردنی عێراق لەبواری وزەدا، بە تایبەت کە لەڕابردوودا بڕی دوو ملیار دۆلار لەبواری گازی سروشتیدا بەفیڕۆ دراوە، لەبری ئەوەی ئاراستە بکرێت بۆ وێستگەکانی کارەبا.

ڕۆژی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ لەزاری لێپرسراوانی عێراقەوە ئاشکرایکردووە، واشنتۆن پشتیوانی گڕێبەستەکان دەکات، چونکە بەهۆکارێکی دەزانێت بۆ ئەوەی عێراق چیتر پشت بە هاوردەکردنی وزەی ئێران نەبەستێت، ئەوەش داوایەکە لەمێژە ئیدارەی ترەمپ بەتەنگییەوە بووە و هەمیشە جەختی لێکردووەتەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، چەند سەرچاوەیەکی عێراقی بۆیان ئاشکرا کردووە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لەداهاتوویەکی نزیکدا چەند هەنگاوێک ئاشکرا دەکەن بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای هانیویل بە بودجەی ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، بۆگەشەپێدانی کێڵگەی گازی سروشتی "ئارتاوی" لە پارێزگای بەسرە، و چەند گرێبەستێکیش لەگەڵ کۆمپانیای "ستیلەر ئینەرجی" بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی کارەبای عێراق.



ڕیکلام