وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: نزیكەی 100 تووشبووی كۆرۆنا لەژێرچاودێری وردن

  2020-06-10  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە ئێٍستادا لە هەرێمی كوردستان 20 نەخۆش هەیە كە دۆخیان زۆر خراپە، نزیكەی 100 نەخۆشیش لەژێر چاودێری ووردان، هۆشداریش دەدات ئەگەر ژمارەكان زیاتر ببن نەخۆشخانەكان دادەخەن و تەنها نەخۆشانی كۆرۆنا وەردەگرن.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان 20 نەخۆش هەیە كە دۆخیان زۆر خراپە، نزیكەی 100 نەخۆشیش لەژێر چاودێری ووردان، هۆشداریش دەدات ئەگەر ژمارەكان زیاتر ببن نەخۆشخانەكان دادەخەن و تەنها نەخۆشانی كۆرۆنا وەردەگرن. 

محەمەد قادر خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی رایگەیاند: لە ئێستادا دۆخی هەرێمی كوردستان باش نیە، پێویستە هاوڵاتیان بەمشێوەیەی ئێٍستا پابەندبن بە ڕێنماییەكانەوە، ئەو خۆپارێزیەی لە هەفتەی رابردوو بەدیكرا جێگای دڵخۆشیە و بەم شێوەیە بەردەوام بین لە هەفتەكانی داهاتوو ئامارەكان كەمدەبنەوە. 

ئەو وتیشی: لە ئێٍستادا لە هەرێمی كوردستان 20 نەخۆش هەیە كە دۆخیان زۆر خراپە، نزیكەی 100 نەخۆشیش هەیە لەژێر چاودێری ووردان و 1040 نەخۆش لەژێر چاودێریدان. 

محەمەد قادر وتیشی: ئەگەر حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان زیاد ببن، لە رووی شوێنەوە بۆ ئەو كەسانەی ڤایرۆسەكەیان تەنها هەڵگرتووە دەتوانین هۆتێلەكان بەكار بهێنین، ناچاریش بووین ئەو جۆرە لە تووشبووەكان لە ماڵەكانیاندا كەرەنتین دەكەین، بەڵام بۆ ئەو نەخۆشانەی كە دۆخەكەیان ناجێگیر دەبێت ئێمە تەنها 200 قەرەوێڵەمان هەیە، بۆیە ناچار دەبێن سەرجەم نەخۆشخانەكان دابخەین و تەنها خزمەتگوزاری كۆرۆنا پێشكەش بكەین. 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند:  خەڵكێك بە قاچاخ هاتونەتەوە هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای داخستنی سنورەكانەوە تا ئێستاش هەیە، بەڵام ئەگەر بڵێین ڤایرۆسەكە بە ئەنقەست بڵاوكراوەتەوە ئێمە ناتوانین لەو بارەیەوە هیچ بڵێین. 


ڕیکلام