لەفڕۆکەخانەی بەغدا کاروانیک دەرمانی ئیسرائیلی دەستی بەسەردا گیرا

  2020-08-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی گومرگی گشتی عێراق ئاشکرایکرد، لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیان بەسەر کاروانێک دەرمانی دروستکراوی ئیسرائیلیدا گرتووە.

لە بەیاننامەیەکدا دەستەکە ڕایگەیاند، ناوەندی گومرگی بارکردنی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئەو کاروانە دەرمانەیان لەناوبرد، کە دروستکراوی ئیسرائیل بووە و تایبەت بووە بە مرۆڤ، چونکە هاوردەکردنی دەرمان لە ئیسرائیلەوە قەدەغەیە و پێچەوانەی ڕێوشوێنەکانی هاوردەکردنە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کاروانە دەرمانە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە لەناوبراوە، کە بەگوێرەی یاسا پێکهێنرا و هەر لەناو سەنتەری گۆمرگی فڕۆکەخانەش لەناوبراوە.

بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستا سەرچاوەی هاتنی ئەو کاروانە دەرمانەیان ئاشکرا نەکردووە، کە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی بەغدا.

تا ئێستا عێراق هیچ پەیوەندییەکانی نییە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەو ڕێککەوتنەی هەفتەی ڕابردووی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلیشی ڕەتکردەوە.



ڕیکلام