کۆشکی سپی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و کازمی ئاشکراکرد

  2020-08-20  | 
واشنتن
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی
فۆتۆ: میدیای ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆشکی سپی لە راگەیاندراوێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکراکرد و رایگەیاند، واشنتن و بەغدا کاردەکەن بۆ پەرەپیدانی بوارەکانی ئابوری، مرۆیی، سیاسی و کولتوریش.

لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، باسی رووبەڕووبوونەوەی داعش کراوە و ئاماژە بەوەکراوە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق داعشیان تێکشکاند، ئێستاش هەردوولا پێکەوە کاردەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە داعش ناتوانێت ببێتەوە هەڕەشە بۆسەر عێراق و وڵاتانی دیکە .

هاوکات، بەرپرسانی ئەمریکا دووپاتیانکردووەتەوە، وڵاتەکەیان بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە بتوانێت رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببێتەوە کە دەکرێنەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و عێراق.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق یەکێکی دیکە بووە لە تەوەرەکانی گفتوگۆی کازمی و ترەمپ.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراقێکی خۆشگوزەران و سەقامگیر دەبێتە هێزێکی دابینکەری سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  بۆیە هەردوولا کاردەکەن بۆ ئەوەی عێراقێکی ئاوەدان بنیاتبنێن کە کار و خزمەت بۆ هاوڵاتییەکانی دابین بکات.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی٨ی٢٠٢٠، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆتایی بە سەردانەکە بێت، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و مستەفا کازمی ماوەی سەردانەکە بۆ سبەینێ درێژکرایەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و سەرەتای کۆبوونەوەکەش سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ژمارەی هێزەکانیان لە عێراق کەمکردووەتەوە و ئەو ژمارەیەش کە ماونەتەوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران لە عێراقن.

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشحاڵدەبن بەو کاتەی کە عێراق پێویستی بەوان نابێت و بە تەواوەتی هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە.



ڕیکلام