وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: زیاتر لە 50 سواڵکەرمان دەستگیرکردوە

  2020-08-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند لە هەڵمەتی نەهێشتنی سواڵکەرەکان لەسەر ترافیک لایت و سەر شەقامەکان زیاتر لە 50 کەس دەستگیرکراون و رەوانەی داداگا کراون.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند ئەو کەسانەی گیراون زۆرینەی خەڵکی ئێران و عەرەبی عێراقی بوون،سەدا یەک خەڵکی سلێمانی تێدابووە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد توانیومانە چەند شوێنێک لەناو سلێمانی کە ئەو کارانەی تێدا دەکرا کۆنتڕۆڵبکەین و داوا دەکەین هاوڵاتیان لە هەر شوێنێک ئەو دیاردانەیان بینی ئاگادارمان بکەن.

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد هەندێک پیاویشمان دەستگیرکردوە کە ژن و کچەکانیان بۆ سواڵکردن هێناوەتە سەر شەقام، لەلایەن دادوەرەوە لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند ئەو کەسانەی دەستگیردەکرێن دۆسیەیان بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی دوبارەکردنەوەی کارەکە لەلایەن دادوەرەوە سزای زیاتر بدرێن.

ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوو بەهۆی زۆری ژمارەی سواڵکەرەکان لە شەقام و ترافیکەکانی سلێمانی لەلایەن رێکخراوی لاوانەوە هەڵمەتێک ڕاگەیەندرا.


ڕیکلام