هەنگاو فەیسەڵ
هیگلڕ لە کتێبی (فەلسەفەی مێژوو)دا دەڵێت: "مێژووی جیھان پێشکەوتنی ھۆشە بەرەو سەلماندن و وەدەستھێنانی سەربەستی. سەربەستی دوا ئامانجی زاتە. زات-یش بە بەردەوامی بەبێ پاشگەزبوونەوە بەرەو گەیشتن بەو سەربەستیە دەڕوات. خەبات و تێکۆشانی ناو مێژوو بۆ ئەم مەبەستەیە."(٢)
هیگڵ لەم پەرتووکەدا چوار جیھان یان چوار شارستانییەت دیاریدەکات. لەسەرەتادا "ڕۆژھەڵات" دادەنێت و لەکۆتاییشدا "ئەڵمان"، لەنێوانیشیان ھەریەک لە ژیاری "یۆنان و ڕۆم" ھەیە. بە بۆچوونی ھیگڵ جیھانی ڕۆژھەڵات وەستاو و نەگۆڕە کە، گۆڕانکاری دیالێکتیکی تێدا ڕوونادات لەبەر ئەم ھۆیەش ڕۆژھەڵات دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی مێژووی جیھانەوە، بەشێک نییە لە گۆڕانکاری مێژوویی جیھان. ئەو ئەنجامەی لەم تێڕوانینەی ھیگڵ وەدەستدێت ئەوەیە "مادام مێژووی جیھان لەلای ھیگلڕ پێشکەوتنی ھۆشە و زات لەم پێشووەچوونەدا دەگاتە سەربەستی و ڕۆژھەڵاتیش ناکەوێتە ناو ئەزموونی دیالەکتیکی و دەکەوێتە دەرەوەی مێژوو کەواتە، سەربەستی بەشێوەیەکی حەتمی لە مرۆی ڕۆژھەڵاتی دابڕاوە. بەڵام لە جیھانی جێرمەنیدا، کە بەمەبەستەوە ھێگڵ لە کۆتاییدا دایناوە ھۆش لە پێشووەچوونی بەردەوامدایە و دواجار زات-یش لەڕێگەی ئەم ئەزموون و تەقەلایەدا سەربەستی مسۆگەردەکات. ئەم تێکشکاندنی "بەھا، نەریت و بوونی ڕۆژھەڵاتیە" لەلایەن خۆرئاواوە شتێک نییە ھەر تەنیا پەیووەستبێت بە ھیگڵ-ەوە، بەڵکوو سەرتاپای بواری "زانستی، مێژووی و ئەدەبی" سەدەی ھەژدە و نۆزدە لەخۆرئاوا دەگرێتەوە. "ئێدوارد سەعید" لە کتێبی "ڕۆژھەڵاتناسی"دا ئاماژە بە چەندین ووتار و دەربڕینی ھاوشێوەی بۆچوونەکەی ھیگڵ دەدات. ھەر لە "ئارتور جەیمس بەلفور"ەوە تاوەکو "ھێنری کیسنجەر" کە لە ووتارەکەیدا بەناوی (ستراکتۆری ناوەوە و سیاسەتی دەرەوە)دا دەڵێت: "ئەو کلتورانەی بەر ھێدمەی بیری نیوتنی نەکەوتوون بەشێوەیەکی سەرەکی بیری پێش نیوتن-یان پاراستووە و جیھانی ڕاستەقینە بۆ ئەوان تا ڕاددەیەکی زۆر لە ناوەوەیە بۆ کەسی چاودێر. "دواتر ئەمەشی دەخاتە سەرو دەڵێت:" واقعی ئەزموونگەری بۆ گەلێک لە نەتەوە تازە پێگەیشتووەکان، مانایەکی جیاوازی ھەیە وەک لەو مانایەی بۆ ڕۆژئاوای ھەیە، لەبەرئەوەی، ئەوان بەھیچ چەشنێک بەناو پڕۆسەی خۆ دۆزینەوەدا تێنەپەڕیوون."(٣)
ڕۆژھەڵات وەکو کەرەسەی لێکۆڵینەوە، بایەخی گرنگی لای ئەکادیمیست و ڕۆژھەڵاتناسی خۆرئاوایی ھەبووە. بە بۆچوونی "سەعید" ڕۆژھەڵات و ڕۆژھەڵاتیان وەک ماتریاڵی لێکۆڵینەوەن کە، گیرۆدەی لێکۆڵەری خۆرئاوایی بوونە. لەئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوانەشدا ڕۆژھەڵات دەبێت بە شتێکی پاسیڤ نەک بەشداربوویەکی خاوەن مەوزوعیەتی مێژوویی. ڕۆژھەڵات دەخرێتە ناو گشت بوارێکی لێکۆڵینەوەی خۆرئاوایی وەک"مێژوو، ئەدەب، زمان، جوگرافیا و ڕامیاری". ئامانج-یش لەمە لەلایەک بۆ ئەوە بووە کە ھەموو بوونێکی سرووشتی، ھەقیقی و ڕەسەن لە ڕۆژھەڵات داماڵن و بوونێکی ناڕەسەن و داھێنراو بەپێی مەبەستی خۆیانی پێببەخشن، ئامانجێکیتری لێکۆڵینەوە گەیشتن بووە بە زانین دەربارەی ڕۆژھەڵات. لەگەڵ گەیشتنی دامەزراوە ئەکادیمیەکان و ڕۆژھەڵاتناسان بە زانین دەربارەی ڕۆژھەڵات، ئیتر ڕۆژھەڵات بەشێوەیەکی ئاسانتر دەچێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆرئاواوە، چونکە، زانینی من واتا ھەژموونی من بەسەر زانراودا. لەڕێگەی ئەم زانین و دەسەڵاتەوە "ڕەسەنایەتی، کلتور و خەسڵەتی حەقیقی لە زانراو وەردەگرینەوە و پارادایمێکی "نموونە، مۆدێل"تر دادەھێنین کە نوێنەرایەتی ویستی ئێمە بکات. لەنێوان زانینی ڕۆژھەڵاتناس، ئەکادیمیست و لێکۆڵەری خۆرئاوایی و کۆلۆنیاڵیزمی خۆرئاواییدا لینکێکی بەھێز ھەیە سەعید دەنووسێت ناپلیۆن لە ھێرشە داگیرکاریەکەی بۆ سەر میسڕ پشت ئەستووربوو بە زانیاری سەفەرنامەی گەڕیدە فەڕەنساویەکان و خۆرھەڵاتناسە فەڕەنسیەکان دەربارەی نەریت و سروشتی وڵاتی داگیرکراو. بەم جۆرە ناپلیۆن جڵەوی گەلی ژێردەستە بە دەستەوە دەگرێت نەک ھەر تەنیا بەھۆی دەسەڵاتی سەربازیەوە بەڵکو، بەھۆی زانیاری بەردەست دەربارەی گەلی داگیرکراو. لە شوێنێکی تردا ئێدوارد دەڵێت:"زانین دەسەڵاتت پێدەبەخشێت، دەسەڵاتێکی مەزن پێویستی بە زانینێکی زیاتر ھەیە"(٤)
یان دەڵێت:"ئەوروپا زانینێکی ھەڵکشاوی لەسەر ڕۆژھەڵات ھەبووە، ئەم زانینە بە ھەقیقەتی کۆلۆنیالی و بەرژەوەندیەکی گشتی بۆ بێگانەکان و بە زانستە نائاساییەکان بەھێزکرابوو وەک(ئیتنۆ لۆژی، ئەناتۆمی بەراوردکاری، فیلۆلۆژی و مێژوو، بێجگە لەمەش ئەم زانینە سیستەماتیکیە بارستەیەکی زۆر لەکاری ئەدەبی بەرھەمھێنراو لەلایەن ڕۆماننوسان، شاعیران، وەرگێڕەکان و گەڕیدە بەھرەمەندەکانیشی دێتە سەر."(٥)
تێڕوانینە فەلسەفیەکەی ھیگڵ دەربارەی ڕۆژھەڵات و ووتارە مێژووییەکەی ھێنری کیسنجەر، لێکۆڵینەوە و بەراوردکاریە زمانەوانیەکانی"سیلڤیستێر دو ساسی و ئەرنست ڕێنان"، رەنگدانەوەی خۆرھەڵات و خۆرھەڵاتی لە کارە ئەدەبیەکانی "گۆتێ و فلۆبێر" و ئەدەبیاتی سەدەی ھەژدە و نۆزدە، ئەو وێنا پاسیڤانەی کە لەلایەن ھەریەکێک لەمانە کە بە ڕۆژھەڵات بەخشراوە پەیوەندی داربووە بە زانینێکی مەبەستدار دەربارەی خۆرھەڵات. دەرەنجام-یش کۆمەڵێک وێنای نێگەتیڤی خۆرھەڵاتناسی خۆرئاوایی بووە دەربارەی ڕۆژھەڵات. ڕۆژھەڵات و ڕۆژھەڵاتی دادەماڵدرێت لە ھەموو کلتوور و نەریتێک و ھیچ شوێنێکی فەعلی لە مێژوودا نیە و ھیچ بەشداریەکی بەرچاویشی لە شارستانی جیھاندانییە. ڕۆژھەڵاتی لە ڕۆژھەڵات دەژیێ، ئەو ژیانێک دەژیێت ژیانی شەھوانیەت و تەمبەڵانەی ڕۆژھەڵاتیە لەناو دەسەڵاتێکی زۆرداری ڕۆژھەڵاتی کە، تێرە بە چارەنووسی بکوژی ڕۆژھەڵاتی. دەبێت ڕۆژھەڵات دابھێنرێتەوە و ھەموو شتێکی خۆرئاوایی پێببەخشرێت. ڕۆژھەڵات ھەرتەنیا وەک ماتریاڵ و فۆرمێکی ناتەواو سودی ھەیە بۆ خۆرئاوا و خۆرھەڵاتناسی خۆرئاوایی. لۆرد ماکۆلێ دەڵێت:"ڕەعیەتی ئێمە لەو وڵاتانە دەبێ زۆرتر لە ئێمە فێربن نەک ئێمە لەوان."(٦)
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوو نموونەی داگیرکاری مێژوویی دەبینین ئایدیای ماکۆلێ بەتەواوی جێبەجێکراوە. کاتێک مەغۆلەکان ھیندستان داگیردەکەن بۆ ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەگرنەدەست بەڵام، دوای دەرچوونیان لەو وڵاتە ھیچ تاکێکی ھیندی ئامادە نەبوو بچێتە سەر نەریتی مەغۆلەکان سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی سوپای داگیرکاری مەغۆل بە ئەندازەی دانیشتوانی ھیند بووە، چونکە مەغۆل بە بەراورد بە ھیند خاوەنی کلتورێکی نزمتر بووە بەڵام، لایەنی گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە کە بزانین داگیرکاری مەغۆل ھەر تەنیا داگیرکاری سوپایی ڕووت بووە، داگیرکردنەکە ئاوس نەبووە بە ھیچ ئایدیایەکی کلتوری، فەرھەنگی و ژیاری. بەڵام کاتێک ھەمان وڵات کە لەلایەن بەڕیتانیاوە داگیردەکرێت و دوابەدوای دەرکردنی بەڕیتانیا لە ھیند، بەدەگمەن ھیندیەک دەبینین خاوەنی زمان و نەریتی ڕەسەنی خۆی بێت چونکە، داگیرکاری بەڕیتانی ھەر داگیرکاری سەربازی موجەرەد نەبوو بەڵکو، مانا و مەبەستی کلتوری و نەریتی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتبوو. کاتێک ناونیشانی کتێبەکەی ئێدوارد سەعید " ڕۆژھەڵاتناسی"مان بەرچاو دەکەوێت، پێش ئەوەی کتێبەکە بخوێنینەوە ڕەنگە بەوجۆرە ناوەڕۆکەکەی ھەڵسەنگێنین کە ھەر تەنیا توێژینەوەیەک بێت دەربارەی مێژوو، نەریت، زمان و ئاخێزگەی گەلانی ڕۆژھەڵات بەڵام، کتێبی ڕۆژھەڵاتناسی تێزێکی ئەکادیمی نییە دەربارەی ئەو بوارانەی سەرەوە بەڵکو، تێزێکە دەربارەی ڕۆژھەڵاتناس و دامەزراوە ئەکادیمیەکانی خۆرئاوا و وێناکردنەکانیان دەربارەی ڕۆژھەڵات.
ڕۆژھەڵاتناس و ئەدیبە خۆرئاواییەکان چەند شۆڕدەبنەوە بەناو خۆرھەڵاتدا تا خۆرھەڵاتی ھەقیقی لەناوبەرن و خۆرھەڵاتێکی نوێ دابھێنن، ئێدوارد سەعید دووئەوەندە بەناو ماناو مەبەستەکانی ئەواندا ڕۆدەچێتە خوارەوە. ئێدوارد وەک مرۆیەکی ڕۆژھەڵاتی بە ئەمەک بەرگری لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژھەڵاتیان دەکات.
١) ناونیشانی ئەم نووسینە لە نووسراوی سەر بەرگی دەرەوەی چاپە کوردیەکە وەرگیراوە کە دکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر کردوویە بە کوردی.
٢) فەلسەفەی ھیگڵ/دکتۆر کەمال محمد/دەزگای سەردەم-٢٠٠٩
٣) ڕۆژھەڵاتناسی/ئێدوارد سەعید/وەرگێڕانی دکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر/ماڵی وەفایی-٢٠١٨ لا ١٠٨
٤) سەرچاوەی سەرەوە لا ٨٩
٥) سەرچاوەی پێشوو لا ٩٥
٦) ھەمان سەرچاوە لا ٣٠٢