کازمی: عێراق خۆی بەدوور دەگرێت لەسیاسەتی میحوەرەکان

  2020-08-26  | 
کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق پەیڕەوی سیاسیەتی میانەڕەوی هاوسەنگی دەکات و خۆی بەدوور دەگرێت لە سیاسەتی میحوەرەکان و خۆساغکردنەوە بەسەر لایەن و میحوەرێکدا.

لەبەیاننامەیەکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، ئەنجامی سەردانەکەی بۆ هەریەکە لە ویلایەتە  یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئوردن و کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی میسرو پادشای ئوردن خستەڕوو.

کازمی جەختیکردەوە عێراق پشت دەبەستێت بە هاریکاری و هاوبەشی لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان، وەک ڕێگەیەک بۆ بنیاتنانی پردی پەیوەندیی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و بە هەموو شێوەیەک خۆی بەدوور دەگرێت لە سیاسەتی میحوەرەکان و خۆساعکردنەوە بەسەر تەوەرەیەکدا.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزیرانی حکومەتەکەی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی و کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئوردنی و میسرییەکانیایان، لەپێناو کاراکردنی لایەنەکانی ئاڵۆگۆڕکردن و هاریکاریی لە سەرجەم بوارەکاندا، بەو شێوەیەی خزمەت بە عێراق و گەلانی دیکەش دەکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە کە فەرمانبەر یەکلایی دەکراوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی بکات  بەڕیزەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، چونکە چیتر پێویست نییە، لەبەر ئەوەی دەستەی حەشدی شەعبی یاسای تایبەت بەخۆی بۆ دەرچووە.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا وەزیری تەندروستی عێراق دواپێشهاتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەعێراق خستەڕوو، هەروە چۆنێتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەپێناو کەمبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون.

هاوکات وەزیری کارەباش باسی لە دۆخی سیستمی کارەبا و بڕەی وزەی بەرهەمهاتوو و چۆنێتی دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتیاندا خستەڕوو.

دوێنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەمی پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر کۆبوەوە، دواتریش لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عێراق و ئوردن و میسر لە عەممان، جەختکرایە لە هاوبەشی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەنێوانیاندا و سەرکردەی هەرسێ وڵات خۆشحاڵی خۆیان دەبڕی لەئاستی هەماهەنگی و هاوکاری سیاسی و ستراتیژی نێوانیان.

هەفتەی ڕابردووش کازمی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە لێپرسراوە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆبۆوە.



ڕیکلام