کازمی: هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بنەبڕکردنی تائیفیەت

  2020-08-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند بڕوابوون بە تا ئیفیەت درۆیەکی گەورەیە و بووە بە هۆکاری بەردەوامی گەندەڵی لە عێراقدا، بۆیە هەموو کارێک دەکات بۆ بنەبڕکردنی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی زە ناشناڵی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردوە، بەشێک لە دامەزراوەکان لە دوای 2003 لەسەر بنەمای تائیفی و سیاسی دابەشکراون، ئەم دابەشکردنەش بووە بە هۆکاری لاوازبوونی دەوڵەت و زیادبونی گەندەڵی.

مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکرد کاردەکات بۆ پاراستنی شکۆی دەوڵەت و هاوڵاتیانی ناو دەوڵەتەکەش، هەروەها بەڵێنی داوە کاربکات بۆ باشترکردنی هێزە ئەمنیەکان و لەو چوارچێوەیەشدا لەسەر کوشتنی چالاکانی مەدەنی بەرپرسانی سەربازی رەوانەی داداگا کردوە.

ئاشکراشیکرد، لە ڕابردوودا گروپ هەبوون لە سەرو یاساوە بون و لەبەرچاوی هێزە ئەمنیەکان جموجوڵیان دەکرد، بەڵام بەرنامەی کابینەکەی ئەم ئەوەیە کە دەبێت چەک تەنها لای هێزە ئەمنیەکان بێت، چونکە لە ڕابردوو هەوڵدراوە بۆ بچوکردنەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان.

مستەفا کازمی ڕاشیگەیاندوە کاردەکات بۆ بەرەپێشبردنی هێزە ئەمنیەکان لەسەرجەم بوارەکاندا و لێپرسینەوەش لەگەڵ ئەوانە دەکات کە کاری خراپ دەکەن.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەش کە هەر خۆی لە ماوەی ڕابردوو وادەکەی دیاریکرد سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، لە ئێستادا هەموو تەرکیزمان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە بۆ ئەوەی هاوڵاتی عێراقی متمانەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بگەڕێتەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێش کازمی ڕایگەیاندوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە روانینێکی جیاوازە بۆ کێشەکان، بەتایبەت گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوری.

دەشڵێت یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی ئەو ئەوەیە کاردەکات بۆ ئەوەی وڵاتانی عەرەبی رێز لە سەروەری یەکتر بگرن بەبێ دەستێوەردان لە ناوخۆی یەکتر.

کازمی ئاماژەی بەوەشکردوە، وڵاتانی کەنداو پێگەیەکی ستراتیژیان هەیە و عێراق دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵیاندا زۆر باشبێت، کە ئەوەش بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە.


ڕیکلام