لەبارەی پڕۆژەیەكەوە دوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن زانیاری دژی یەكتری بڵاودەكەنەوە

  2020-08-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای سەردانی دوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن بۆ كارگەیەكی ریسایكلینی پاتری ئۆتۆمبێل هەریەكەیان بەشێوەیەكی جیاواز قسە دەكەن و پێچەوانەی یەكتری زانیاری بڵاودەكەنەوە.

دوای سەردانی دوو ئەندامی لیژنەی ئاوەدان كردنەوەو وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ كارگەی مایا بۆ ڕیسایكلینی پاتری سەیارە لە نزیك شارۆچكەی بازیان، هەریەكەیان بەشێوازێكی جیاواز باس لە كارگەكە دەكەن. 

هەریەكە لە هەورامان گەچێنەیی، لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و مژدە مەحمود، لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ دوای سەردانەكەیان بە شێوازی جیاواز باس لە پڕۆژەكە دەكەن و هەورامان  لە بارەی پڕۆژەكەوە دەڵێت: ئامادە نیم بۆ هیچ مەرامێك خەڵكی چەواشە بكەم. 

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ دەشڵێت: كارگەكە 420 فلتەری ستانداری جیهانی داناوەو بەجۆرێك زامنی تەواوی لایەنی پاراستنی ژینگەی مسۆگەر كردووە، و هاوكات لە كۆی 50 كارمەند 43 یان كوردن خەڵكی ناوچەكەن. 

ئەو ئاماژەی بەوەشكردووە ئەو كارگەیە سودێكی زۆری بۆ ژینگە هەیە بەڵام پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ پێچەوانە قسە دەكات و دەڵێت "ئەم كارگەیە و سەرجەم كارگەكانی تر مەترسیەكی گەورەن لەسەر ژنیگەی ناوچەكە.. بەداخەوە دەبوو حكومەت و دەستەی ژینگە بە ئیجباری بازیان و ناوچەكەیان بەم شەریكانە تەواو سەوز بكردایە، تا لانیكەم تۆزێ قەرەبووی ئەم پیسبوونی ژینگەیە بكاتەوە".

ئەو ئاماژەی بەوە كردووە زانیاریان پێداون كە شەوان فلتەرەكان دەكوژێننەوە و هەوڵدەدەن چاودێربن و بەڵگە كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی بزانن كێن ئەوانەی شەوان فلتەرەكان دەوەستێنن و ئیشی پێناكەن.


ڕیکلام