زۆرجار هێزە عێراقییەکان لە ترسی تۆڵە ساندنەوە بێ لایەن دەبن لەو ڕوداوانەدا
فۆتۆ: ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا
لەشەوی ڕابردووەوە شەڕێکی عەشایەری لە باکوری ڕۆژهەڕڵاتی بەغدا بەرپابووە و تا ئێستا ژمارەیەک هاوڵاتی تیا کوژراوە و چەکی دژە تانکی تیا بەکارهاتووە.
میدیاعێراقییەکان و چالاکانی مەدەنی بڵاویانکردەوە، ئەو شەڕە هێشتا هۆکارەکەی ڕوون نییە لە ناوچەی (مەعامیل) لە باکوری ڕۆژهەڵاتی بەغدا هاتووەتە ئاراوە و ژمارەیەک ماڵ سوتاون.
بەگوتەی ئەو چالاکوانانە تا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە حکومەت ٧٠ ئۆتۆمبێل سەربازی و ١٥ تیمی ئاگرکوژێنەوەی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق بڵاویکردەوە، تا ئێستا لەو شەڕەدا دوو کەس کوژراون و ١٧ کەسی دیکەش بریندار بوون، جگە لە سوتاندنی ژمارەیەک ئوتۆمبێل و خانوو و کۆگای بازرگانی.
بەهۆی بوونی چەک بەدەست خەڵکەوە، تا ئێستا لەچەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق شەڕی لەوشێوەیە هاتووەتە ئاراوە و قوربانیەکانی هەمیشە هاوڵاتیان بووە و ترس و تۆقاندنێکی زۆریشی خستووەتە دڵی هاوڵاتیانەوە.
زۆرجار هێزە عێراقیەکان لەترسی تۆڵە سەندنەوە وەک تەماشاکەر سەری ئەو شەڕ و ناکۆکیانە دەکەن و هیچ دەستوەردانێک ئەوتۆ ناکەن بۆ وەستاندنی.