عێراق.. هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی چەک دەستپێدەکات

  2020-08-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆیی عێراق ئاشکرایکرد، هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین لەسەرجەم ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن کە ململانێ و شەڕی هۆزەکانی تیا بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی کۆکردنەوەی چەکە سوک و مامناوەندییەکان تیایاندا.

خالد موحەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لەو ناوچانە ڕێوشوێنی توندتر دەگرنە بەر لەبەرامبەر هەر ئاڵۆزییەک کە بێتە ئاراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمان لەلایەن  فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچووە، بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ سەرجەم ئەو ناوچانە دەپشکنرێت کە شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوەی هۆزایەتی تیا ڕوودەدات، بە مەبەستی کۆکردنەوە و دەستبەسەراگرتنی هەموو چەکێکی سوک و مامناوەند.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکراشیکرد، فەرمان هەیە لەلایەن حکومەتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە کارانە، کە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی، ڕوونیشیکردەوە، ململانێی هۆزەکان یەکێکە لە کێشە زۆر مەترسیدارەکان، کە بووەتە سەر ڕایەڵەکانی کۆمەڵگەی عێراقی.

ئەو فەرمان و ڕێوشوێنانەی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق لەکاتێکدایە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی (مەعامیل)ی باکروی ڕۆژهەڵاتی بەغدا شەڕ لەنێوان دوو هۆزی ناوچەکەدا دروستبوو، بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و ١٧ کەسیش بریندار بوون.

لە شەڕەکەدا موشەکی دژەتانگ لەدژی یەکتر بەکار هاتووە و چەندین ماڵ و کۆگای بازرگانی سووتاون.



ڕیکلام