شۆفێرێک لە تاران شەش کەسی لەبەشداربوانی یادی عاشورا بریندار کرد

  2020-08-30  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، لە هێرشێکدا بەئۆتۆمبێل بۆسەر ماتەمگێرانی یادی عاشورا لە شاری قودسی خۆرئاوای تاران شەش کەس بریندار بوون.

لەوبارەیەوە فەرماندەی پۆلیسی تاران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،  ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لەهێرشەکەدا بەکارهاتووە جۆری بیجۆیە و کەسێکی سەرخۆش بە مادەکحولییەکان لێخوڕوە و چەند کەسێکی دیکەشی لەگەڵدا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسە بە ئۆتۆمبێلەکەی هێرشی کردووەتەوە سەر بەشداربوانی یادی عاشورا و دواتریش هەڵاتووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی تاران ئاماژە بەوەشکرد، شۆفێرەکە لە گۆڕەپانی موسەلای نزیک بە ڕوداوی یەکەم لە چەند کەسێکی دیکەشی داوە و برینداری کردوون، دوای چەند کاتژمێرێک لەڕوداوەکە لە شەقامی ئیمام حسین دەستگیر کراوە، بەڵام ئەو چەند کەسەی دیکە کەلەگەڵیدا بوون هەڵاتوون.

پۆلیسی تاران ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی وردی بەکەوتووانی ڕوداوەکەیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام لە شەش کەس دڵنیان کە برینداربوون، لێکۆڵینەوەش لەروداوەکە بەردەوامە، بێ ئەوەی ئاماژە بکەن بەوەی کە هێرشەکە تیرۆریستی بێت.

 



ڕیکلام