خشتەی بەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستان دیاریكرا

  2020-08-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی سەرجەم پەرلەمانتاران دەكات بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی ژمارەیەكی خولی پایزەی ساڵی دووەمی پەرلەمان.

رێواز فایەق، بە نوسراوێكی فەرمی بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنی ژمارە (1)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی دووەم لەخولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.

ئەوەشی راگەیاندووە دانیشتنەكەی پەرلەمان  لە كاتژمێر یەكی پاشنیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە 2020/9/2  دەبێت و تەوەری گفتوگۆكردنیش خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان) دەكرێت. 

دەقی كارنامەكە: 

بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (1)ی ئاساییی خولی پایزەی رۆژی چوارشەمە 2020/9/2


دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (1)ی ئاساییی خولی پایزەی رۆژی چوارشەمە ‌ رێكەوتی 2020/9/2ی راگەیاند، كەبەمشێوەیەی خوارەوەیە:
بەرنامەی كار
بەپێی حوكمی ماددەی (5) و بڕگەكانی (یەكەم و دووەم و سێیەم) لە ماددەی (16) و بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (18) و بڕگەكانی (یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (20) و ماددەكانی (47، 48، 52، 54، 55، 56، 57) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عیراق، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (1)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی دووەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە كاتژمێر (1)ی پاش نیوەرۆ رۆژی چوار شەممە رێكەوتی 2/9/2020 بەم شێوەیە بێت:
یەكەم: یەك دەقیقە بێ دەنگ وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی كوردستان و عێراق لەگەڵ مارشی نەتەوەیی.
دووەم: كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم / دووەم) لە ماددەی (7)و بڕگەی (سێیەم) لە مادده ‌(18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
سێیەم: وتەی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی كردنەوەی خولی پایزەی ساڵی دووەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ـ عیراق.
چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان) بەپێی حوكمی ماددەكانی (87، 88، 89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
پێنجەم: خوێندنەوەی یەكەمی پرۆژە یاسای (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێمی كوردستان ـ عیراق) بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.



ڕیکلام