مستەفا ئەدیب ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان

  2020-08-31  | 
مستەفا ئەدیب سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی لوبنان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا ئەدیب سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی لوبنان ڕایگەیاند، هیوادارە تیمێکی کارکردنی گونجاوی لەگەڵدا بێت لە کەسانی خاوەن تواناو لێوەشاوە، بۆ ئەوەی لە پەرلەمانەوە دەست بە چاکسازی بکەن لە لوبناندا.

ئەدیب لە وتەیەکدا دوای ئەوەی میشال عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان ڕایسپارد بە پێکهێنانی حکومەت ئاماژە بەوەکرد، ئێستا کاتی قسەکردن و بەڵێن و هیواو ئاوات  نییە، کات  کاتی کارکردنە بۆ پێکهێنانی حکومەت بەخێرایی.

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی لوبنان وتی "ئەوەی پێویستمانە کارکردنە بە هەماهەنگی لەپێناو چاککردنەوەی لوبنان، کات لەبەردەمماندا کەمە و دەبێت هێزە سیاسییەکانیش لەو ڕاستییە بگەن".

لەبەشێکی تری وتەکانیدا ئەدیب بۆ لوبنانییەکان وتی "قەدەری ئێمە ئەوەیە دەبێت بەسەر ناخۆشی و ئازارەکاندا سەرکەوین، باوەڕیشمان بەوەیە کە خاکی ئێمە بە جێگری و بەهێزی دەمێنێتەوە و پێکەوە هیوای داهاتوو دروست دەکەین."

ئەمڕۆ مستەفا ئەدیب چووە کۆشکی بعەبدا و لەگەڵ میشال عۆن سەرۆک کۆمار و نەبیە بەڕی سەرۆک وەزیران گفتوگۆیانکرد دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان، لەجێگەی حکومەتەکەی حەسان دیاب، کە بەهۆی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی لوبنانەوە، کە لەدوای تەقینەوەکەی بەندەری ەبیروت هاتە ئاراوە، ناچار بەدەستلەکار کێشانەوە کرا.

مستەفا ئەدیب، پێشتر بەڕێوەبەری نوسینگەی نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان بووە، دواتر کردیە باڵیۆزی وڵاتەکەی لەئەڵمانیا.

بەگوێرەی میدیاکانی لوبنان، ئەدیب سەر بە هیچ حزبێکی سیاسی لوبنان نییە، بەڵگو گوایە کەسێکی بەتوانا و لێوەشاوە و مامەڵەکردنی نەرموونیانە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان گونجاوە.

خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسا و زانستی سیاسیدا، ماوەیەک مامۆستای یاسادی نێودەوڵەتی و یاسای دەستوری و جوگرافیای سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بووە لە زانکۆکانی لوبنان و پاریس.

لەساڵی ٢٠٠٠ مامۆستا بووە لە کۆلێژی سەربازی و دواتر بووەتەوە مامۆستا لەزانکۆی لوبنان.

بەگوێرەی دابەشکردنی دەسەڵاتی تایەفی لە لوبناندا پۆستی سەرۆک وەزیران دەبێت لەلایەن موسڵمانێکی سونە مەزهەبەوە بەڕێوە ببرێت و پۆستی سەرۆک کۆماریش بۆ مەسیحییەکان و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ شیعەکان.

لە ئیستاشدا تا مستەفا ئەدیب حکومەتەکەی پێکدەهێنێت، کابینەی حکومەتەکەی حەسان دیاب حکومەتی کاربەڕێکەر دەبێت.



ڕیکلام