چوار شەممەی داهاتوو ماکرۆن سەردانی بەغدا دەکات

  2020-08-31  | 
ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا سەردانی عێراق دەکات، بەڵام تا ئێستا کۆشکی ئیلیزێ ئەو سەردانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.

لەدوای دەستبەکار بوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، ماکرۆن بەرزترین لێپرسراوە سەردانی بەغدا بکات.

بەگوتەی ئەو سەرچاوانە، ماکرۆن لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و  ژمارەیەک لە سیاسییە کاریگەرەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

بەگوتەی ئەو سەرچاوە عێراقییانە ماکرۆن لەسەردانەکەیدا جەختدەکاتەوە لە سەروەریی عێراق، ئەوەش لەسایەی ئەوەی بەغدا سورە لەسەر دوورخستنەوەی وڵاتەکەی لە ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پێناچێت ماکرۆن سەردانی هەولێر بکات، بۆیە چاوەڕێدەکات سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا بۆ بینینی ماکرۆن.

هەفتەی ڕابردوو فلۆرانس بارلی وەزیری بەرگری ئەمریکا سەردانی بەغدای کرد و گفتوگۆی کرد، لەگەڵ هەریەکە لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و جومعە عناد وەزیری بەرگری عێراق و فەرماندەی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق.



ڕیکلام