لەمەودوا بەخاکسپاردنی مردوو نزیکەی 400 هەزار دیناری تێدەچێت

  2020-09-02  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گۆڕهەڵکەنەکانی سلێمانی لە گردبوونەوەیەکدا نیگەرانیان نیشاندا لەوەی شارەوانی ناشتی مردوو هەڵبەستنی قەبری داوە بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە بڕی نزیکەی ٤٠٠ هەزار دینار لەسەر کەسوکاری مردووەکە دەکەوێت.

شێخ عوسمان نوێنەری گۆڕهەڵکەنەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ئەوان ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵە لەو گۆڕستانەی سلێمانی کاردەکەن و ژیان و گوزەرانیان لەسەر ئەو کارەیە و زۆرجار بە خۆرایی مردوو بۆ ئەو کەسانە دەنێژن کە توانای دابینکردنی کرێی گۆڕهەڵکەندن و بەخاکسپاردنی نییە، یان ئەو کەسانەی کە دەست و قاچی بڕوا دەهێنن بۆ ناشتن و لەبەرامبەر هەموو ئەوانەدا هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرن.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئێستادا ئەو کۆمپانیایە داوایان لەوان کردووە ئەو گۆڕستانەکانی سەیوان و ئەوانیتر دابخەن، لەکاتێکدا ئەوان ماوەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵە لەم گۆڕستانە کاردەکەن.

بەوتەی گۆڕهەڵکەنەکانی سلێمانی کۆمپانیاکە کاتژمێر ٨ی بەیانی دەرگای گۆڕستانەکە دەکەنەوە تا چواری ئێوارە، لە کاتێکدا ئەوان بەردەوام ئامادەن بۆ بەخاکسپاردنی مردووەکان.

ئاماژەیان بەوەشکرد شارەوانی بەڵێنی پێ دا کە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات و نابێت پارەی زۆر لە هاوڵاتیان وەربگرێت.

لەبەرامبەر لێدوانی ئەو گۆڕەهەڵکانە ئارێز لوقمان  بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی کۆمپانیای دوزی کە لەمەودوا ئەرکی ناشتنی مردوو و گۆڕهەڵبەستن لە گۆڕستنانی نوێی سلێمانی لە ئەستۆ دەگرێت بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕایگەیاند، کارەکان لەزیادکردنێکی ئاشکرادا بۆ دەرچووە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و زۆرترین پارەیان داوە بە شارەوانی.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەوان گۆڕهەڵگەندن بە ٨٠ هەزار دینار دەکەن بۆ هەر بەخاکسپاردنێک بڕی ١٥٠ هەزار وەردەگرن بۆ ئەو کەسەی گۆڕەکە هەڵدەکەنێت، ١١٠ هەزاریش بۆ ئاوەدان و سەوزکردنی گۆڕەکە و بیهارتۆنکردنی دەوروبەری وەردەگرن تا ماوەیەکی دیارینەکراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکەسێک توانای دابینکردنی ئەو پارەیەی نییە، گۆڕەکەی بۆ هەڵدەبەستین بە خۆڕایی.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو گۆڕەهەڵکەنانە بڕی ٢٠٠ هەزار دینار لەشارەوانی وەردەگرن لەبەرامبەر ناشتی تەرمە بێکەسەکان، بەڵام ئەوان بڕیاریاندا هیچ بڕە پارەیەک بۆ ناشتنی ئەو کەسانە  وەرنەگرن کە بێکەسن و هەر کەسێکیش لەسەر شێوازی ئایینەکەی خۆی بەخاکی دەسپێرن.

لە کۆتایی وتەکانیدا خاوەنی ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بۆ بەخاکسپاردنی مردووەکانیان، بەڵام کاتی سەردانیکردنی گۆڕستان لە هەشتی بەیانییەوە تا چوار ئێوارەیە.



ڕیکلام