نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی

  2020-09-03  | 
دۆسیە:  نەوت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 44 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 41 دۆلار و 53 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.



ئەوە لە كاتێكدایە بەیانی دوێنێ چوارشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 45 دۆلار و 90 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە43 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەو پێیەش نرخی نەوت بە هەردوو جۆرە دیارەكەیەوە بەهاكەی زیاتر لە دۆلارێك دابەزیوە. 

گەرچی ئەمڕۆ نرخەكەی دابەزیووە بەڵام نەوت ماوەی چوار مانگی رابردوو بەهاكەی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، هۆكارەكەشی بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان لە جیهان دەگەڕێتەوە دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 

لە هەفتەی رابردوو، باهۆزەكانی ماركۆ و لۆرا لە ئەمریكا  بووەهۆی راگرتنی 85%ی بەرهەمهێنانی نەوتی سەر دەریا لە كەنداوی مەكسیكۆ، ئەوەش بووە هۆكار بوو  بۆ ئەوەی نرخی نەوتی بە ئاراستەی بەرزبوونەوە بڕوات. ئەوەش بە هۆی ئەوەی 189 سەكۆی نەوتی كە لەناو ئاوەكانی كەنداوی مەكسیك لەكاردابوون، داخران لە ئێستاشدا بەشێوەیەكی شێنەیی دەست دەكرێتەوە بە كاركردنیان.  

بەشێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی رابردوو لە بازاڕدا بۆ سەروی 40 دۆلار كە پێشتر بەهاكەی گەیشتبووە نزمترین ئاست دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس كە ئاستی هەناردەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتیان سنورداركرد.

وڵاتانی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بە سەركردایەتی سعودیە و رووسیا لە مانگی نیسان رێككەوتن بۆ هاوسەنگكردنەوەی بازاڕی نەوت ئاستی بەرهەمهێنان بە تێكڕا رۆژانە بەبڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكەنەوە. بڕیارەكە لە سەرەتای مانگی نیسان چووە بواری جێبەجێكردنەوە و تا كۆتایی مانگی تەممووز كاری پێكرا.


ڕیکلام