ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهان 27 ملیۆن كەسی تێپەڕكرد

  2020-09-06  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا 27 ملیۆن كەسی تێپەڕ كرد، 23%ی تووشبووانیش لە ئەمریكان و رۆژی چواری ئەم مانگەش زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوە.

بەگوێرەی دواین ئامارەكان تا ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا 27 ملیۆن و 69هەزار و 984كەس تووشبوونیان بە كۆرۆنا تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش 19 ملیۆن و 170 هەزار و 886 كەس چاكبوونەتەوە و 883 هەزار و 780 كەس گیانیان لەدەستداوە. 

لە نێو تووشبووانی جیهاندا كە لە 214 هەرێمی دانپێدانراو و دەوڵەت تۆماكراوە، 60 هەزار و 108 كەس لەژێر چاودێڕی چڕی پزیشكیدان كە ئەوەش دەكاتە 1%ی كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئێستادا ڤایرۆسەكە لە جەستەیاندا چالاكە. 

تا ئێستا لەژمارەی تووشبووندا ئەمریكا پێشەنگی وڵاتانی جیهانی گرتووە 23.76%ی تووشبووانی جیهان لەو وڵاتەیە، دوای ئەویش لە بەرازیل 15.23%ی تووشبووانی جیهانە و 15.20%ی تووشبووانیش لە هندستانە و 3.77%ی تووشبووانیش لە رووسیایە و 2.53%ی كەیسەكانیش لە پیرۆ بووە. 

ڤایرۆسەكە لە مانگی كانونی یەكەمی 2019 لە وڵاتی چین تۆمار كرا و دواتر بە جیهاندا بڵاوبوویەوە لە ئێستادا ئەو وڵاتە لە ریزبەندی 38هەمین وڵاتی جیهاندایە و توانیویەتی بڵاوبونەوەی كۆنتڕۆڵ بكات، تا ئێستا زۆرترین رێژەی تۆمار كردنی حاڵەتەكانی تووشبوون لە رۆژی 4ی ئەیلول تۆمار كراوە كە 300 هەزار و 474 تووشبوو بووە، زۆرترین رێژەی مردنیش لە 17ی نیسان بووە كە هەشت هەزار و 502  تووشبوو لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە. 


ڕیکلام