باوکی کچە حەوت ساڵانەکەی هەولێر لەترسی هەڕەشە هاتووەتە سلێمانی

  2020-09-07  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باوکی لاڤان کچە حەوت ساڵانەکەی هەولێر کە دەستدرێژی کراوەتە سەر و دادگا تۆمەتبارەکانی ئازادکرد، لەئێستادا هاتووەنەتە شاری سلێمانی لە ماڵی خزمێکیان ماونەتەوە.

لوقمان ئیسماعیل باوکی ئەو کچە دەڵێت لەترسی هەڕەشەی ئەو کەسانە و  لەبەر گیانی خۆی و کچەکەی پەنای بۆ شاری سلێمانی هێناوە.

وەک خۆی دەڵێت تا ئێستا سێ جار لەسەر سکاڵای ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە دەستدرێژیکردنە سەر کچەکەی دەستگیرکراوە و بە کەفالەکەت ئازادکراوە و چەند جارێکی هاتوونەتە سەری و هەڕەشیان لێکردووە و بۆیە بە ناچاری هەولێری جێهێشتووە.

لە ئێستاشدا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە خێرخوازان کراوە کە شوێنێکی نیشتەجێبوونی بۆ دابین بکرێت.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش باوکی لاڤان ئاماژەی بەوەکردبوو کەسوکاری تۆمەتبارەکان کەسانی سەربازین و دەستیان دەڕوات، بەڵام ئەو هەرگیز لە مافی خۆی خۆشنابێت و واز ناهێنێت.

ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو دادگای هەولێر بە بیانوی نەبونی بەڵگە سەرجەم تۆمەتبارانی دۆسیەی دەستدرێژی کردنە سەر کچە حەوت ساڵانە کەی هەولێری ئازادکرد.

بەپێی ماددەی ٣٩٣ لەیاسایی سزادانی عێراقیش، هەركەسێك دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر منداڵانی خوار هەژدە ساڵان، سزای هەتا هەتاییە یان لەسێدارەدانە.



ڕیکلام