دەرمانێکی هێنانەوەی مووی سەر چالاکییەکانی گون پەکدەخات

  2020-09-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چەند دەرمانێک لە دەرەوەی نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن و کڕیارێکی زۆریان لەدەوری خۆیان کۆکردووەتەوە، ئەو کەسانەی کە دەرمانەکە دەفرۆشن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەوەی قژ و رەگی مووەکان بەهێز دەکات.

لەبەر ئەوەی دەرمانەکە هیچ ناو ناونیشانێکی لەسەر نییە و بەشێوەی فەل دەکرێتە کیسەی نایلۆب و دەفرۆشرێت، بەکارهێنەران و دەرمانسازەکانیش نازانن چ ماددەیەکی تێدایە تەنیا ئەوەندە هەیە دەرمان فرۆشەکان کۆمەڵێک رێنمایی دەدەنە بەکارهێنەران.


 (تۆڕی هەوڵی ژیان) بەدواداچوونی لەبارەی دەرمانەکە کردووە، پزیشکانی پێست جەخت لەوە دەکەنەوە دەرمانەکە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.


کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە دەرمانی هاوشێوە لە دەرمانخانەکان نین و هەر دەرمانێک ناوی ماددەکە و زانیاری تەواوی لەسەر نەبێت رێگە نادرێت کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت.


بەپێی بەدواداچوونەکانی (تۆڕی هەوڵی ژیان) فرۆشیارانی دەرمانەکە کۆرسێکی دوو مانگی حەب و جێڵ بۆ هەرکەسێک دەنووسن کە دەرمانەکەیان لێ دەکڕێت و بڕی 160 هەزار دیناری لێ وەردەگرن.


فرۆشیارانی دەرمانەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە ئێرانەوە هاوردەی دەکەن و لە رێگەی دیلیڤەرییەوە بۆ هەموو کوردستانی رەوانە دەکەن ئەگەر داواکاری لەسەر هەبێت.


ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارهێناوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دوای چەند رۆژێک لە بەکارهێنان تۆویان رووى لە کەمبوونەوە کردووە، پزیشکان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەگەر ئەو کەسانە لە 100٪ دڵنیا نەبن لە کوالیتی دەرمانەکە رەنگە لە داهاتوو کاریگەری خراپ لەسەر جەستەیان جێبهێڵێت.


پزیشکانی پسپۆڕی پێست جەخت لەوە دەکەنەوە، لەسەرتاسەری جیهان هیچ دەرمانێکی تایبەت بەرهەم نەهێنراوە کە رێگری بکات لە هەڵوەرینی قژ و هێنانەوەی دووبارەی قژ، ئەوەی لە هەرشوێنێک بەو ناوە بفرۆشرێت شتێکی بازرگانییە نەک پزیشکی، تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی رووتانەوەی قژ و هێنانەوەی مووەکان تەنیا شەتڵکردنەوەیە، هەر دەرمانێک وەک یارمەتیدەر بەکاربێت دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکیدابێت نەوەکو لە رێگەی بازاڕەوە دەرمانەکان پەیدابکرێت.


پزیشکانی پێست باس لەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکی رووتانەوەی قژى پیاو، گونەکانییەتی چونکە گونەکان لەکاتی چالاکیدا هۆرمۆنێکی تایبەت دەردەدەن و بە بەشێکی جەستەدا بڵاودەبێتەوە، بەپێى توێژینەوەکانیش پێستی لە 60٪ی پیاوان هەستیارییان بەرامبەر بەو هۆرمۆنە هەیە و دەبێتە هۆی وەراندنی قژ.


ئەو دەرمانانەی لە بازاڕەکان دەفرۆشرێن چالاکیی گون کەم دەکەنەوە، ئەو هۆرمۆنانەی کە دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ رادەگرێت بۆ ئەوەی دووبارە قژە وەریوەکان تاڵی نوێ دەربکاتەوە، ئەو پزیشکانەی پێست بۆ ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەگەر ئەو دەرمانانەش موی سەریش دووبارە دەربکاتەوە، دوای دوو مانگ هەموویان دەوەرێنەوە و هیچ سودێکی نابێت، ئەگەری زۆرە کاریگەری خراپی درێژخایەن لەسەر گونەکان جێبهێڵێت.



ڕیکلام