وەزیری دارایی عێراق: دۆخی ئابوری زۆر نالەبارە

  2020-09-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی سیاستە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوەوە، دۆخی ئابوری وڵات زۆر خراپ و نالەبارە و قەبارەی قەرزەکان لەسەدا ٨٠ بۆ ٩٠ی کۆی بەرهەمی نیشتیمانی عێراقی پێکدەهێنێت.

عەلی عەلاوی لە میانی میوانداریکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە ڕایگەیاند "پڕۆگرامی چاکسازی ئابوری پێویستی بە کاتێکی درێژ هەیە بۆ ئەوەی پێشبکەوێت، ئەویش بەهۆی ئەو بارودۆخە زۆر نالەبارە ئابورییەی کە عێراقی پێدا تیپەڕ دەبێت، کە هەمووی پەیوەندیی هەیە بە سیاسەتە ئابورییە کەڵەکە بووەکانی پێشترەوە".

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئێستا گیرۆدەی کەمی پارە بووەتەوە، بۆیە ناچار بووە قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی بکات، بەڵام ناشتوانێت ئەو کارنامەی چاکسازییە جێبەجێ بکات لەچوارچێوەی ئەو ماوەیەی کە یاسای پەسەندکراو بۆی دیاریکردووە.

ڕوونیشیکردەوە، تیمێکی تایبەتی ٤٠ کەسی لەم دۆخەکە تەندروستییە نالەبارەدا سەرقاڵی ئەو کارنامەی چاکسازییەی حکومەتن کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگە یان ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئامادە ببێت.

وەزیری دارایی عێراق ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەی ١٥ تریلیۆن دینار قەرزی کردووە، بۆ دابینکردنی موچە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دارایی لە پەرلەمان جەختیکردەوە، پێویستی بە قەرز بۆ پشتیوانیکردن بووە لە بودجەی گشتی و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە تووشی بووە، لەپێناو ئەوەی دەستنەبرێت بۆ کەمکردنەوەی کۆمەکی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

دەربارەی قەرزکردن لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش عەلاوی وتی "پەنا بردن بۆ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بەرنامەی دیاریکراوی هەیە بۆ قەرزپێدان بەو وڵاتانەی کە دووچاری قەیرانی دارایی بوون وەک عێراق، بەڵام بۆ ماوەی سێ ساڵ بەو مەرجەی چاکسازی دارایی و ئیداری لەو دەوڵەتەدا بکرێت کە قەرزەکە وەردەگرێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دارایی عێراق جەختیکردەوە، ئەنجامدانی چاکسازی دروست و بەرجەستەکراو پێویستی بە ٥ ساڵ هەیە، ئەویش لەڕێگەی دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهاتەوە، لە ئێستادا قەبارەی هەموو قەرزەکان گەیشتووەتە لە٨٠% بۆ ٩٠% ی کۆی بەرهەمی نیشتیمانی، بەشێوەیەک قەرزی دەرەکی عێراق گەیشتووەتە ١٦٠ تریلیۆن دینار، لەوانەش قەرزەکانی کوەیت و سعودیە کە نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلارە.



ڕیکلام