"کورتهێنان لەپرۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق 10 هێندەی بەرهەمی ناوخۆییە"

  2020-09-09  | 
بەغدا
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەر بەفراکسیۆنی کۆمەڵ رایگەیاند، کورتهێنان لە پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق ١٠ هێندەی بەرهەمی ناوخۆییە.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، پرۆژە یاسای بوجەی ۲٠۲٠ لەوەزارەتی دارایی ئامادەکراو لە رەفەکانی وەزارەتدا مایەوە تا هەفتەی پێشوو ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدات و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەکردنی ئەو پرۆژەیە لەحکومەتەکەی عادل عبدالمهدی و هەڵگرتنی تائێستا، تەنها بۆ ئەوەیە کە ئەو بڕە قەرزەی کە لە پرۆژەیاساکەدا هاتووە بەدەستبێت، لەبەر ئەوەی بڕی ئەو (۱٥) ترلیۆنەی لەیاسای قەرزکردن هاتووە بەتەواوی قەرزکراوە و سەرفیش کراوە .

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە گرفتی تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایە ئەو خاڵانەیە کە بەڕێوەبەرایەتی یاسا / بەشی تەشریع تۆماری کردون لەسەر یاساکە، کە (۱۹) خاڵن و لە خاڵی (۱٤)وە پەیوەندی بەهەرێمەوە هەیە کە ئەگەر ئەو پرۆژەیە بکەویتە بەردەست پەرلەمانتارانەوە، بەهیچ شێوەیەک تێپەڕنابێت .

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە، خەرجیە گشتییەکان بە (۱٤۸) ترلیۆن کەسرێک مەزەندە کراوە بەڵام دەتوانرێت قەرزەکانی دەوڵەتی کوەیت و قەرزی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت و قەرزەکانی پرۆژەی وەبەرهێنەکان و قەرزە نێوخۆییەکان دوابخرێن، کەواتە لەم ساڵدا عێراق پێویست بە بڕی (۱۲٥) ترلیۆن دەبێت، لەو بڕەش داهاتە گشتییەکانی عێراق کە خەمڵێنراوە تەنها بڕی (٥٤) ترلیۆنە .

دەشڵێت، کەواتە کورتهێنان زیاترە لە بڕی (۷٠) ترلیۆن دینار کە ئەوەش پێچەوانەیە لەگەڵ یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (٦)ی ساڵی ۲٠۱۹، کە نابێت کورتهێنانی بودجە زیاتر بێت لە ڕێژەی ۳٪ ناتیجی قەومی کە بە ۲٥٠ ترلیۆن مەزەندە دەکرێت بەڵام لەم یاسایەدا (۱٠) دەهێدەیە کورت هێنانەکە .



ڕیکلام