بەفەرمانی کازمی ئاماژەکردن بە مەزهەب لەنوسراوە فەرمییەکانی دەوڵەت لادەبرێت

  2020-09-09  | 
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانیکرد، بەلابردنی ئاماژەی "مەزهەب" ی هاوڵاتیان لەسەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانی ناو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە کازمی "سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان فەرمانیکردووە بە لابردنی ئاماژەی مەزهەب بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە داخوازی وەرگرتنیان بۆ کۆلێژی سەربازی لە عێراق پێشکەش کردووە".

ئەو سەرچاوە ڕوونیکردەوە، فەرمانکەی کازمی جێبەجێ دەکرێت بەسەر سەرجەم ئەو فۆڕم و نوسراوانەی کە لەفەرمانگە ئەمنی و ئیدارییەکانی دەوڵەتی عێراقدا بۆ هاوڵاتیان پڕدەکرێتەوە بۆ هەر کارو پیشەشەک.

دەرکردنی ئەو فەرمانەی کازمی لەکاتێکدایە، چالاکانی مەدەنی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشێکی  چڕیان کردە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، بەهۆی زیادکردنی خانەی مەزهەب لەناو ئەو فۆرمەی کە پڕکراوەتەوە بۆ خولی ١١١ی کۆلێژی سەربازیی، چونکە ئەو هەنگاوەیان بە چەسپاندنی تایەفی زیاتر لەعێراقدا ناوبردووە.



ڕیکلام