هاوپەیمانی نەسر: دەبێت ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم بەگوێرەی دەستور بێت

  2020-09-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانی نەسر لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەگوێرەی دەستور پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێکبخات.

هاوپەیمانی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کازمی کردووە، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕێکبخات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێکخستنی پەیوەندییەکان دەبێت بەگوێرەی دەستور و یاسا بێت، وەک سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاندووە، پێویستە لەسەر حکومەت دۆسییەکانی نەوت و دەروازە سنورییەکان و گومرگ و چوونی چاودێری دارایی فیدراڵی بۆ هەرێم بۆ وردبینی کردن ڕێکبخات، بۆ ئەوەی زەمانەتی جێبەجێکردنی دەستور بێت بەشێوەیەکی داپەروەرانە.

ئەو بەیاننامەیەی هاوپەیمانی نەسر دوای ئەوە دێت، بەیانی ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەتەکەی گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا.

دوای کۆبۆونەوەشی لەگەل مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردوە لە کۆبونەوەی کازمی و بارزانی سەرۆکی پارتیدا کازمی ڕایگەیاندوە هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگ و تەواوە لە عێراق.



ڕیکلام