ئاگرێکی دیکە لەبەندەری بەیروت کەوتەوە و ترسی لای هاوڵاتیان دروستکرد

  2020-09-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ ئاگرێکی دیکە لە بەندەری بەیروتە کەوتەوە و دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی گرت و مەترسی لای خەڵک دروست کرد کە ڕوداوێکی دیکەی تەقینەوە بێت، وەک ئەوەی مانگێک لەمەوبەر لە بەندەری بەیروت ڕوویدا و بە دەیان کەسی تیا بووە قوربانی.

میدیاکان چالاکانی کۆمەڵایەتی چەندین وێنە و ڤیدیۆی ئاگرەکەیان بڵاوکردەوە، دانیشتوانی بەیروت زۆر ترسیان لێ نیشت.

تیمەکانی بەرگری شارستانی بەیروت سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن کە تا ئیستا هۆکارەکەی نازانرێت، بەڵام هاوڵاتیان گومان دەکەن دووبارە تەقینەوەیەک ئاگرەکەی خستبێتەوە.

سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەربارەی ئاگرەکە ڕایگەیاند "ئاگر لە کۆگای ڕۆن و تایەی بازاڕی ئازاد لە بەندەری بەیروت کەوتووەتەوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هەلیکۆپتەرەکانی سوپا لەهەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

لە لایەکی ترەوە لیژنەی خاچی سوری لوبنانی ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەک نییە بۆ رودانی تەقینەوە کە بەهۆی ئاگرەکەی بەندەری بەیروتەوە، کە تا ئیستا هیچ بریندار و بەرکەوتوویەک نییە جگە لە چەند حاڵەتێکی تەنگەنەفەسی نەبێت.

مەروان عەبودا پارێزگاری بەیروت داوای لە هاوڵاتیان کرد، لەبەرپارستنی گیانی خۆیان، بەهیچ شێوەیەک لە بەندەری بەیروت و دەوروبەری نزیک نەبنەوە.

لە ڕۆژی ٤ی ئابی ڕابردوو بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروتەوە ١٩١ کەس کوژران و زیاتر لە ٧٥٠ کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی ئاوارە بوون و زیانێکی مادی زۆر بەر ناوچە ئاوەدانییەکانی ناوچەکە کەوت.



ڕیکلام