نوێترین لێدوانی بەرهەم ساڵح لەبارەی کێشەکانی هەرێم و بەغداوە

  2020-09-11  | 
دیداری بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی لە مێرگەپان_ پارێزگای سلێمانی
فۆتۆ: نوسینگەی سەرۆک کۆمار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەدیدارەکەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەلێکی مێژووی هاتووەتە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق.

لە بەیاننامەیەکدا کورتدا سەرۆکایەتی کۆمار کە دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مێرگەپان بڵاویکردەوە، سەرۆک کۆمار لەمیانی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە "هەلێکی مێژوویی هاتووەتە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێن و ناوەند".

پێشتریش نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دوای سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار بڵاویکردەوە  "لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کازمی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبۆوەتەوە، لەدیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی بابەت و دۆسییە گرنگەکان و هەموو ئەو ڕێگرییانەی ئێستا لەئارادان، هەروەها گفتوگۆ کراوە دەربارەی ئامادەکاری و هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ".

لە بەیاننامەکەدا نوسینگەی کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان ئامادەی بوون سەرۆک وەزیرانی عێراق وتوویەتی "عێراق لەبەردەم هەلێکی مێژوویدایە بۆ تێپەڕاندنی هەموو بەربەستەکانی ڕابردوو دەستبکات بە بنیات نانەوەی ئابوری و سیستمی ئیداریی وڵاتەکە بەشێوەیەکی باشتر و گونجاوتر، بەشێوەیەک لەبەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکانیان بێت هەموو چین و توێژەکانییەوە".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و قائیمقام و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی پێشوازی لێکرا.

سەر لەئێوارەی ئەمرۆش کازمی بەیاوەری شاندەکەی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەلایەن پارێزگار و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حکومی و حزی دەڤەرەکەوە پێشوازی لێکرا.

ئامانجی سەردانەکەی کازمی گفتۆگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی دەروازە سنورییەکان و رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و بۆردومانەکانی تورکیا. مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زیاتر لە سێ مانگە دەستبەکاربووە و ئەوەش یەکەم سەردانی ناوبراوە بۆ هەرێمی کوردستان.



ڕیکلام