سوپای پاسدران: بنكەی گرووپەكانی دژە شۆڕشمان لە هەرێم كردە ئامانج

  2020-09-13  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شەڕ لە نێوان سوپای پاسدارانی ئێران و هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان روویدا و ئێران رایگەیاند بنكەی گروپە دژبەرەكانیان كردووەتە ئامانج.

لە بەرزاییەكانی گوندی هەورامان و لە نزیك پایگای ژاڵانە تێكهەڵچوونێكی چەكدارانە لەنێوان هێزەكانی سپای پاسداران و حزبێكی كوردستانی هاتووەتە ئاراوە.

لەوبارەیەوە سەردار خەلیل زادە، جێگیری ئۆپراسیۆنی بڕیارگەی حەمزە سەیدولشوهەدای ئێران ڕایگەیاند: بنكەی گرووپە دژبەرەكانی ئێران كراونەتە ئامانج.

ناوبراو بە ئاژانسی میهری راگەیاند: بنكەی گرووپەكانی دژە شۆڕشیان لە ناوچەی كوردستانی عێراق كردۆتە ئامانج، ئەوەشی وتووە، بەرزاییەكانی سنوری ئێران و توركیایان ئابلۆقەدا و شوێنی هێزەكانی دژە شۆڕشیان پێكاوە.

ئەو لەبارەی زیانەكانی ئەو هێرشانەیان هیچ زانیاریەكی بڵاونەكردووەتەوە و روونیكردەوە كە بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی دۆزرایەوە و ناوچەكە پاكسازی كراوە.

سەرچاوە هەرێمیەكان رایانگەیاندووە كە ئێران بە چەكی قورس بۆردومانی ناوچەكانی كردووە، ئەوە جگە لەوەی شەوی هەینی لە نێوان حیزبێكی كوردستانی و هێزەكانی سپای پاسداران لە بەرزاییەكانی سنوری كانی خودا سەر بە پیرانشار شەڕی چەكداری دروست بووە. 


ڕیکلام