دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد

  2020-09-13  | 
تاران
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ زیاتر لە ٢٦ هەزار و ٥٠٠ تمەن بەرزبووەوە .

بەپێی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی٩ی٢٠٢٠، هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی کڕین و فڕۆشتنی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران، بەزیاتر لە ٢٦ هەزار و ٥٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، واتە نرخی هەر ١٠٠ دۆلارییەک بۆ ٢ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە .

ئەم دابەزینەش ریکۆردێکی نوێیە بۆ بێبەهابوونی تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، چونکە تاوەکو ئێستا بەهای تمەنی ئێرانی بەرامەبەر دراوە بیانییەکان بەوشێوەیە دانەبەزیوە.

پێشتر و سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ چەند کاتژمێرێک گەیشتە ٢٦ هەزار تمەن، دواتر بانکی ناوەندی ئێران نزیکەی یەک ملیار دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەوەش بەهای هەر دۆلارێک بۆ ٢١ هەزار تمەن دابەزی، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران وردە وردە بەرزبوونەوەی دووبارەی بەخۆیەوە بینی .

لە چەند رۆژی رابردوودا و دوای دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، نرخی خۆراک و کاڵای بازارگانییەکان و بەتایبەتیش نرخی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نرخی هەندێک لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئێران ، تا نزیکەی ٣٠ ملیۆن تمەن بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە .

لەگەڵ دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی، قەبارەی بازرگانی ئەو وڵاتەش لەگەڵ وڵاتانی هیندستان و کۆریای باشوور و ژاپۆن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی دارایی هیندستان، لە حەوت مانگی ڕابردوودا هاوردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ٢٣ هێندە کەمیکردووە، هەروەک هەناردەکردنی کاڵا لە هیندستانەوە بۆ ئێران ٤٥٪ کەمیکردووە.



ڕیکلام