کازمی: گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارییەکاندا بەڕێسای یاسایی ئەنجام دراون

  2020-09-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ڕێوشوێنانەی کە گرتوویانەتە بەر بۆ گۆڕانکاری لە هەندێک لە پۆستە ئیدارییەکاندا، گونجاوە لەگەڵ ڕێسا ئیداری و یاساییەکاندا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە نوسینکەی کازمی بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەو زنجیرە گۆڕانکارییە پێویستانەی کە لە چەند پۆستێکی ئیداری گرنگدا ئەنجامیان داوە، لە لایەن هەندێک لە هێزە سیاسییەکانەوە ڕوبەڕوی ڕەخنە و پەرچەکداری جیاواز بوونەوە، بەشێوەیەک هەندێک لەو هێزانە بەشبەشکارییان بە تەواوی ڕەتکردەوە، ئەوەش بێگومان پەرچەکرداری هەڵوێستێکی جەماوەرییە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گۆڕانکارییەکان لەچوارچێوەی ڕێسای ئیداری و یاسایی ئەنجامدراوە، جگە لەوەش کۆتایی ماوەی یاسایی فەرمی هەندێک لەو لێپرسراوانە فەرزی کردبوو، تەنانەت هەندێکیان مانەوەیان ئەو ماوەی یاساییان تیپەڕاندبوو، گۆڕانکارییەکانیش بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری چۆنایەتی نییە لە دامەزراوەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵبژاردنی زۆربەی ناوەکان لەناو خودی دامەزراوەکاندا کاندید کراون، یان لەو کەسانەن کە پسپۆڕییان لە بوارێکی دیاریکراودا هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی هۆکاری پاکێتی و پسپۆڕیییان و دڵنییاش لە هاوسەنگی نیشتیمانی.

نوسینگەی کازمی ڕوونیشیکردووەتەوە، هەڵوێستی هەندێک لە قەوارە سیاسییەکان لە بابەتی بەشبەشکاری دەبێت پشت ئەستوربێت بە زانیاری دیاریکراو سەبارەت بە بابەتی بەشبەشکاری ، بۆیە زۆر بە بایەخەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو زانیاریانە دەکەن و لە    چوارچێوەی ڕێسا پەیڕەوکراوەکاندا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

 لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نوسینگەی کازمی جەختیکردووەتەوە لەوەی، ئەگەر ئەو هێزە سیاسیانە خۆیان بێبەری کردووە لەو گۆڕانکارییە سیاسییانە، کە بە کرداری دەستوەردانی تیا نەکردووە کاریکەری نەبووە لەسەریان، ئەی چۆن دەتوانن تۆمەتی ئەوە ئاراستە بکەن کە گۆڕانکارییەکان پشتیان بەستووە بە بەشبەشکاری حزبی.

هەموو ئەو گۆڕانکارییانەش بۆ چالاککردنی کاری دەوڵەت و کاراکردنی ڕۆڵیەتی بۆ خزمەتکردنی خواست و داواکارییەکانی خەڵک بی ئەوەی ملکەچی بەشبەشکاری حزبی ببێت.



ڕیکلام