ماردین ئیبراهیم
بابه‌تی شوێن بابه‌تێکی ئاڵۆزه و کاریگه‌ری له سه‌ر هه‌مووان هه‌یه، شوێن چی وه‌ک فه‌زایه‌کی ئهندێشهکرا و ڕۆحی و چی وه‌کو شوێنێکی فیزیکی، وه‌کو هه‌موو ئه‌و ئۆبجێکتانه‌ی له ده‌وروبه‌رمانن تاکو که‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووریمان. مه‌رج نییه چرکه‌ساتی داهێنه‌رانه ته‌نیا وابه‌سته بێت به تێکچوونی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به شوێنه‌وه، زۆرجار تێچوونی ئه‌و په‌یوه‌ندیه ده‌بێته وزه‌یه‌کی داهێنه‌رانه، به‌ڵام ده‌کرێت هه‌ماهه‌نگی و ته‌ماهی له‌گه‌ڵ شوێندا ببێته ئه‌و داینه‌مۆی داهێنانه. له دۆخی شیعری گۆران‌دا شوێن به‌شێکی دانه‌بڕاوی فه‌زای ڕۆحیه، گۆران له په‌یوه‌ندی و تهماهیهکی بێخهوشدایه له‌گه‌ڵ سروشت و شوێنی فیزیکی خۆیدا.
مه‌نفا و ژیان له ده‌ره‌وه‌ی فه‌زای کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووری خۆت به ته‌نیا جێگۆڕکێیه‌کی جوگرافی نییه، به‌ڵکو وێستگه‌یه‌که تیایدا جارێکی تر په‌یوه‌ندی مرۆڤ به شوێنه‌وه پێناسه ده‌کاته‌وه، ده‌رفه‌تت ده‌داتێ له دووره‌وه و به هێمنی سه‌یری شوێنی خۆت بکه‌یت چی وه‌کو جێگایه‌کی جوگرافی چی وه‌کو فه‌زایه‌کی ڕۆحی و سایکۆلۆجی، له‌وه‌ش واوه‌تر ئاسۆی تر و بژاره‌ی ترت ده‌داتێ به‌وه‌ی چۆن روانگه‌ی خۆی دیاری بکه‌یت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاعیر له خه‌ڵکی تر جیاده‌کاته‌وه گۆشه‌نیگای ئه‌وه بۆ سه‌یرکردنی نه‌ک ته‌نیا شوێن به‌ڵکو سه‌یرکردنی هه‌موو شته‌کانی تر. بارینی باران و به‌فر بۆ هه‌موو که‌سێک دیارده‌ی سروشتی و به‌رئه‌نجامی لۆجیکیی کۆمه‌ڵێک پرۆسێسی سروشتین، به‌ڵام بۆ ئه‌دیب زیاترن له‌وه و پێشنیارکردنی دید و ڕوانگه‌ی تره بۆیان به ده‌ر له پرۆسێسه فیزیاییه‌که‌یان. وزه‌ی داهێنه‌رانه وه‌ک چۆن له تێکچوونی په‌یوه‌ندی به شوێنه‌وه ده‌کرێت بته‌قێته‌وه وه‌ک له‌وه‌ی حاجی قادری کۆیی دا، ئاواش ده‌کرێت به ته‌ماهی له‌گه‌ڵ شوێندا بته‌قێته‌وه وه‌ک له دۆخی گۆران دا.
به‌شێکی گرنگی داهێنان په‌یوه‌ندی به وزهماتهی ناو مرۆڤه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به پۆتێنشیالیتی که‌سی داهێنه‌ره‌وه هه‌یه به‌وه‌ی ده‌تووانێت هه‌م له نیشتیمان‌دا ئه‌گه‌ری بینینی ئیستاتیکی ترمان بۆ پێشنیار بکات هه‌م له مه‌نفادا. ماڵی راسته‌قینه‌ی شاعیر له‌ناو زمان دایه، له‌ناو خه‌یاڵ و ڕوانگه‌ی داهێنهرانهدایه، نه نیشتیمان و نه مه‌نفا خۆیان له خۆیاندا ناتووانن فاکته‌ری داهێنان بن به ته‌نیا، شاعیران له چرکه‌ساتی داهێناندا ده‌تووانن مه‌نفا بگۆڕن به چرکه‌ساتێکی شیعری هه‌ر وه‌ک چۆن ده‌تووانن نیشتیمانیش بگۆڕن به‌و چرکه‌ساته شیعریه.
مه‌نفا که‌س ناکات به داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر که‌سه‌که خۆی پۆتێنشیالیتی داهێنانی تێدا نه‌بێت، به‌ڵام به‌بوونی ئه‌و پۆتێنشیالیتی و ماتهوزهیهوه مه‌نفا و بینین و ئه‌زموونکردنی ژیان و خه‌ڵک و کلتوور و ڕوانگه‌ی ئیستاتیکی تر ده‌کرێت مه‌نفا ده‌رفه‌ت و ئه‌گه‌ری گه‌وره‌ی داهێنانت پێببه‌خشێت، ده‌کرێت وات لێبکات له‌حزه‌ی شکست و نیگه‌رانیی خۆت وه‌کو غه‌ریبێک، وه‌کو زامدارێک، وه‌کو ڕاونراوێک، وه‌کو ڕاکردوویه‌ک بکه‌یت به له‌حزه‌ی شیعری و داهێنان. له هه‌مووی گرنگتر شوێن لای شاعیران به ته‌نیا شوێنێکی فیزیکی نییه، به‌ڵکو فه‌زایه‌کی ڕۆحی و سایکۆلۆجی فراوانتره.