وەزارەتی كۆچی عێراق بڕیاری بەدواداچونی بۆ هەڕەشەی سەر منداڵە ئاوارەكە دەستپێكرد

  2020-09-18  | 
ساتی چوونی هێزە ئەمنیەکان بۆ بە هاناوەچونی منداڵە ئاوارەکە لە کەمپەکەدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای بڵاوكردنەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی منداڵێكی ئاوارە كە تیایدا ئاشكرای كردبوو كەسێك هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسیان لێدەكات لە (تۆڕی هەواڵی ژیان) كەریم نوری، بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند وەزیری كۆچوكۆچبەران فەرمانی بەدواداچونی دەركردووە.

بریكاری وەزارەتەكە  لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "دوای بینینی ڤیدیۆكە، وەزیری كۆچ و كۆچبەران فەرمانیكردووە بەدواداچوون بكرێت بۆ ئەو پرسە و منداڵەكە و خێزانەكەی بانگهێشتبكرێن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو كەسە بۆ بەدادگایی گەیاندنی".

ناوبراو لە بەیاننامەكەدا ئەوەشی راگەیاندووە "لەئێستادا فەرمانمانكردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتمەند لە وەزارەت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكە". 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە ئێوارەی ئەمڕۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) ڤیدیۆی مێردمنداڵێكی بەناوی ئەحمەد عزێر محەمەد بڵاوكردەوە كە تیایدا هانا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبات و دەڵێت كەسێك هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسیان لێدەكات. 
لە گرتەیەكی ڤیدۆییدا ئەو مێردمنداڵە كە تەمەنی 13 ساڵە ئاماژە بەوە دەكات كە خۆی وخانەوادەكەی ئاوارەی كەمپی یەحیاوای تایبەت بە ئاوارە و دانیشتوانی شارۆچكەی تەلەعفەرن.

ئەحمەد لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا بە گریانەوە ئاماژە بەوە دەكات كە كەسێك ماوەی هەشت مانگە هەڕەشەی دەست درێژی سێكسی و كوشتنیان لێدەكات و ماوەی مانگێكیشە برایەكی بێ سەروشوێن كردووە تا ئێستا چارەنوسی براكەیان نازانن. 


ڕیکلام