وەزارەتی دارایی گۆڕینەوەی دۆلار بە زیادكردنی ئاشكرا جێبەجێ دەكات

  2020-09-19  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتەوە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشكرا دەبێت.

وەزارەتەكە ئەوەشی راگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە گروپێكی ئەلیكترۆنی كارا كراوە كە سەرجەم بانكە ئەهلیەكان و كۆمپانیاكان و نوسینگەكان كە مۆڵەتی فەرمیان هەیە بۆ گۆرینەوەی دراو، دەتوانن بەشداربن لەو پرۆسەی كڕینی ئاشكرایەدا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار.

وەزارەتەكە مەبەستی ئەو بڕیارەشی رووكردووەتەوە و دەڵێت، پێناو نەهێشتنی قۆرخكاری و هەلی وەك یەك بۆ هەمووان و زیادكردنی داهاتی گشتی شێوازەكەی دەگۆڕن. 

ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر حكومەتی هەرێم پارەی نەوتی دەدایە بانكی كوردستان و لەلایەن ئەو بانكەوە دەگۆڕدرایەوە بۆ دیناری عێراقی، ئەوەش لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بە قۆرخكاری لێكدەدرایەوە. 


ڕیکلام