وەزارەتی كشتوكاڵ: چەند جارێك داواكراوە شوێنی دارسنەوبەرەكانی تاسڵوجە بكرێتە پڕۆژە

  2020-09-19  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایگەیاند پێشتر چەند جارێك داوا كراوە ئەو ناوچەیەی دارسنەوبەرەكانی نزیك شەقامی سەرەكی سلێمانی تاسڵوجەی تیادایە بكرێتە پڕۆژە بەڵام وەزارەتەكەیان رەزامەندی نەداوە.

حسێن عارف، رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی وەزیری كشتوكاڵ بەدواداچوونی ورد كرا لەسەر سوتانی سنەوبەرەكانی سەر ڕێگای تاسڵوجە سلێمانی دەشڵێت "پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بكرێت بە پڕۆژە، بەڵام وەزارەتمان لاری نەبوونی نەداوە، چونكە ئەم دارسنەوبەرانە، سیمایەكی جوان و ژینگەیان بەخشیوەتە ئەم ناوچەیە، بۆیە ناكرێت درەخت ببڕدرێت بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی پڕۆژە بكرێت".

ناوبراو دەشڵێت ئەو دارسنەوبەرانە بەری رەنج و ماندووبوونی دەیان ساڵی فەرمانبەرانی دارستانە، ئێستادا ئەم دار سنەوبەرانە( ئەم ناوچەیە) كەوتۆتە ناو سنوری شارەوانی تاسڵوجە و راپەڕین.

ئەوەشی روونكردووەتەوە كە هەرچەندە بابەتەكە لە چەند رۆژی رابردوودا روویداوە "بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باخداری و دارستان و پاوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لە بەدواداچوونی بەردەوامدان، بۆ دیاریاریكردنی هۆكارەكان و گرتنە بەری رێككاری پێویست".

راشیگەیاندووە وەزارەتەكەیان پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە بۆ پاراستنی دارستانەكان و لە ئێستادا لە قۆناغی پەسەندكردنە و دەشڵێت "پێویستە بكەرانی دەست نیشان بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن".


ڕیکلام