بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی: سوتانی درەختەكان دەستێكی ئەنقەستە

  2020-09-23  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند سوتاندنی درەختەكانی سلێمانی دەستێكی بە ئەنقەستە و بەڵێنیش دەدات هەرگیز رەزامەندی نەدات بۆ ئەوەی شوێنەكانیان بكرێتە پڕۆژە.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند: پێم وایە سوتاندنی ئەم درەختانە دەستێكی "عەمدییە"- بەئەنقەستە، ‌ بابڵێین قسەمان لەسەر ئەوەی بناری گۆیژە بێت ئەوە لەوانەیە ئەوە بێت كە ئەو سەیرانكەرانەی كە لە بەغدا و ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن و ئاگر دەكەنەوە، بەڵام كە لە سلێمانییەوە بڕۆیت بۆ تاسڵوجە بەلای ڕاستدا چەند تەپۆلكەیەكی لێیە هەر تەپۆلكەیەك كۆمەڵێك داری پێوەیە بەچواردەوری شەقامەكەدا بەدرێژایی ئەم 2 كیلۆمەترە 6-7 تەپۆلكەی لێیە ئەم شوێنانە هەمووی ئاگری تێ بەردراوە واتە سنەوبەرەكان سوتێنراوە كە ئەمە لەوەناچێت بە ڕێكەوت بێت و كەسێك جگەرەیەك هەڵبدات.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وتی "پێم وابێت خەڵكانێك بەرژەوەندیەكیان هەبێت لەوەدا كە بەرچاویان گرتبێت ئەگەر درەختەكان بسوتێنرێن و لاببرێن ئەوسا ئەو تەپۆلكەیە بە شۆفڵێك بە دوو كاتژمێر دەتوانرێت لاببرێت و تەخت دەبێت و پڕۆژەكەی دەردەكەوێت."

شاڵاو جەمال لەبارەی شوێنی ئەو سنەوبەرانەوە وتی"من ئەوە نازانم پرۆژەی تێدا دروست بكرێت یان نا، چونكە پرۆژە دێتەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئێمە (كشتوكاڵ) لێكۆڵینەوە دەكەین و ئێمە ڕەزامەندی نادەیەن لەسەر ئەوە، من بۆ ئەوە ئاگام لێی نییە كەسێك پرۆژەیەكی پێشكەش كردبێت و ئەو دارانە بەربەست بووبێت بەڵام خەڵك بەگشتی وای بۆدەچێت كە بۆچی بەری ئەوبەر ئاگری نەگرتووە؟".

ئێستا لیژنەی لێكۆڵینەوە دروستكراوە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەو بەڵێنیش دەدات "مۆڵەتی ئەوە نادەم شوێنی سوتانی ئەو درەختانە بكرێنە پڕۆژە."

رەتیشیدەكاتەوە قبوڵی بكات فشاری لێبكرێت و دەشڵێت "هەم ویژدانم هەم یاسام لە پشتە ئەگەر بێتو دەكەوت ئەوە دەستێكی "عەمدییە" و دوای ئەوە بێت و بڵێت من پرۆژەیەكی لێ دەكەم".


ڕیکلام