دەستەی دەستپاكی ئاماری سێ مانگی خۆی بڵاوكردەوە

  2020-09-23  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی دەستپاكی عێراق ئاماری سێ مانگی چالاكیەكانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە سێ مانگدا 97 پرۆسەیان ئەنجامداوە و 85 كەسیان بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركردووە.


دەستەی دەستپاكی عێراق ئاماری سێ مانگی چالاكیەكانی خۆیان بڵاو كردەوە و دەڵێن لە رۆژی 1ی ئایاری ئەمساڵەوە تا 31ی تەمموز 97 پڕۆسەیان لەبەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق ئەنجامداوە و 85 كەسیان بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركردووە.

دەستەكە ئەوەی روونكردووەتەوە لەبەسرە 20 پڕۆسە ئەنجامدراون و دەست بەسەر 110 مامەڵەی زەوی و زار بە موڵكی دەوڵەت و بڕی پێنج ملیار دینار و دەیان ئۆتۆمبێل گیراوە كە كەلوپەلی نایاساییان تێدابووە.

ئەوەشی راگەیاندووە، لە پارێزگای نەینەوا 10 چالاكیان ئەنجامداوە، گرنگترینیان دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بووە، كە خۆی بە پەرلەمانتار ناساندووە، پیوەندی بە پەروەردەی پارێزگاكەوە كردبوو.

ئاماژەی بەوە كردووە هەر لەو پارێزگایەدا دوو فەرمانبەری تەندروستی دەستگیركراون، كە سەرپێچیان لە بەڵگەنامەی بودجەی بەكاربردنی بەڕێوەبەرایەتیەكەیان كردبوو، بۆ دابەشكردنی موچەی خانەنشینان ناچاریان كردبوون كارتی ئەلیكترۆنیەكەیان بگۆڕن بەكارتێكی دیكە.

ئەوە جگە لەوەی لە دەزگای خانەنشینی نیشتیمانی لە ئەنبار دەست بەسەر 147 مامەڵەی خانەنشینی ساختە گیراوە، كۆی گشتی پارەكانیان 10 ملیار دینار بووە، دەست بەسەر حەوت ملیار دیناری دیكەشدا گیراوە كە بەبێ هیچ دڵنیاییەك قەرزكراوە.

دەستپاكی ئاشكراشیكردووە لەگرێبەستی كڕینی ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بەبڕی 400 ملیۆن دینار لە تەندروستی كەركوك گەندەڵی كراوە و توانرا دوو فەرمانبەر دەستگیربكرێن و دەست بگیرێت بەسەر موڵك و زەوی و خانوەكانیشیاندا.


ڕیکلام