پارتی لە چی دەترسێت؟

  2020-09-23  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵێکی نوێیدا یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەتی خۆجێیی دهۆک ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەوڵەکانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بۆ بانگهێشتکردنی مەسروور بارزانی بۆ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڕین و دواکەوتنی موچە .

ژمارەیەک پەرلەمانتاری چەند فراکسیۆنێکی جیاواز لە پەرلەمانی کوردستان 22 واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ بانگهێشتکردنی مەسروور بارزانی و لەو چوارچێوەیشدا ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو واژۆیان لەسەر یاداشتنی بانگهێشتکردنەکە کردووە یەک واژۆ ماوە ژماری یاسایی کۆبکرێتەوە بۆ بانگهێشتکردنی ناوبراو.

پێشتریش ژمارەیەک پەرلەمانتار واژۆی پێوستیان بۆ بانگهێشتکردنی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆکردەوە بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان یاداشتەکەی بەبیانووی جیاواز رەتکردەوە.

هەوڵی ئەو فراکسیۆنانەی پەرلەمان بۆ بانگهێشتکردنی مەسروور بارزانی و بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی لە حکومەت بەهۆی ئەوەوەیە کە مووچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و لەکاتی خۆیشی مووچەک دابەشناکات، مووچەخۆران باردۆخیان لەو پەڕی خراپی دایە، بەڵام پارتی کار بۆ ئەوە دەکات بانگهێشتکردنی مەسروور بارزانی بۆ پەرلەمان سەر نەگرێت.

یەکگرتووی ئیسلامی لەکاتێکدا لە حکومەتی خۆجێیی دهۆک کشاوەتەوە، بارودۆخی پارێزگاکە بەدڵی پارتی نییە بەهۆی بەڕێوەچوونی چەند خۆپیشاندانێک کە لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان پارێزگاری دهۆک هەڕەشەی تووندی کرد، ژمارەیەک چالاکوان و هاوڵاتی دەستگیر کران و تاوەکو ئێستاش چەند چالاکوانێک لە زیندانەکانی ئاسایشی دهۆک ماونەتەوە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پارتی هەڵوێستی هاوشێوەی ناچارکردنی یەکگرتووی هەبووە بۆ کشانەوە لە حکومەتی خۆجێیی، کۆتایی ساڵی 2015 لە بەرامبەر هەوڵەکانی گۆڕان بۆ رێگەگرتن لە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پارتی هەموو وەزیرەکانی سەر بە بزووتنەوەکەی لە حکومەت دەرکرد، یوسف محەمەد کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو رێگەی پێنەدرا بچێتەوە هەولێر و پەرلەمان نزیکەی 2 ساڵ داخرا.

چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە رێککەوتن و هاوبەشی کردن لەگەڵ پارتی تاوەکو ئەو کاتە سەردەگرێت کە بەرژەوەندییەکانی نەکەونە مەترسی و هەموو شتەکان بە دڵی ئەو بێت، ئامادەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرهەڵوێستێک بگرێتە بەر کە خۆی دەیەوێت.

لە بەرامبەر رەخنەکانی کۆمەڵ لە پارتی و نزیکی لە بزووتنەوەی گۆڕان لە پێش هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ویستی بۆ بەشداری کردن رێگەی نەدا کۆمەڵ بەشداری کابینەی نۆیەمی حکومەت بکات.

لەماوەی رابردووش کاتێک سۆران عومەر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کۆمەڵێک بەڵگەی لەسەر ستێر گرووپ  و مەسروور بارزانی بڵاوکردەوە، پارتی هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی پارێزبەندی لەسەر هەڵگرن بەڵام بەدەنگی پێکهاتەکان و فراکسیۆنی پارتی پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا، دواتریش سۆران عومەر ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

لە دوای ساڵی 2005 و پێکهێنانی یەکەم کابینەی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی گرژی تووندی بەخۆیەوە بینیوە، جگە لەشەڕی راگەیاندن پارتی نەیتوانیوە هەڵوێستی هاوشێوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بەرامبەر بە یەکێتی بنوێنێت.


ڕیکلام