بۆ بەشداری لە دادگای فیدراڵیدا شاندێکی دادوەریی هەرێم لەبەغدان

  2020-09-23  | 
دیداری نێوان شاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەگەڵ شاندێکی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیانکرد دەربارەی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی.

لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق لە نوسینگەی خۆی لە بەغدا پشوازیکرد لە پەنگین قاسم سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان و فرسەت ئەحمەد وەزیری دادی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەبەغدا.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و بەشداریکردنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم، لە کاندیدکردنی سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە بەپێکهاتە نوێیەکەیەوە، کە بە گوێرەی یاسای هەمواری یاسای دادگای ناوبراو دیاریکراوە.

لەئیستادا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و پەرلەمان سەرقاڵی هەموارکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵین، چونکە بە بێ  بوونی دادگای فیدراڵی ناتوانرێت هەڵبژاردن لەعێراقدا بکرێت، لەبەر ئەوەی دادگای ناوبراو بەرپرسە لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.

 



ڕیکلام