کەس شوێنی ئەرشیفەکەی سەردەمی بەعس نازانێت

  2020-09-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ماڵپەڕی ئەلمۆنتۆری ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەو ئەرشیفەی عێراق کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە گەڕێنراوەتەوە بۆ بەغدا هیچ کەسێک نازانێت لەکوێیە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ئەرشیفەی سەردەمی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە کە لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ماوەی ڕابردوودا گەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق، هیچ کەسێک نازانێت لەکوێیە.

ماڵپەڕەکە لە زاری هیشام داود کە یەکێکە لە دیارترین ڕاوێژکارەکانی  حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە " بەداخەوە هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەو دۆسیەیە".

ئەو سەرچاوەیەی کە قسەی بۆ ماڵپەرە ئەمرکیکییەکە کردووە وتوویەتی "بەڵگەنامە هەیە لەو ئەرشیفەدا باس لە دامەزراوە ئایینییەکانی شیعە دەکات، پێدەچێت ناوی ژمارەیەک لە سیاسییەکانی ئێستای عێراقی تێدا بێت کەمامەڵەیان لەگەڵ ڕژێمی ئەو کاتەی بەعس کردووە و لە ئێستاشدا تێکەڵاوی پرۆسەی سیاسی بوون لەعێراقدا".

ماڵپەڕەکە لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لە نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ئاشکرایکردووە "باڵەخانەیەک هەیە لەناوچەی بەلەدیاتی خۆرهەڵاتی شاری بەغدا، ئامادەکراوە بۆ پاراستنی ئەو ئەرشیفە، بەڵام نازانرێت باڵەخانەکە تەواو بووە یاخودا نا، بە ڕاشکاوی بیڵیم پلانێکی ئاشکرا نییە".

ئەوەش لەکاتێکدا لەسەرەتای ئەم مانگەدا ڕۆژنامەی ۆوڵ سترین جۆڕناڵی ئەمریکا بلاویکردەوە، وەک پشتیوانییەک بۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریداوە ئەرشیفیس سەردەمی ڕژێمی پێشووی حزبی بەعس ڕادەستی عێراق بکاتەوە، ک لەکاتی داگیر کردنی ئەو وڵاتەدا لەلایەن ئەمریکاوە براوەتە ئەو وڵاتە.

 

بەگوێرەی هەواڵ ئەرشیفەکە پێکهاتووە لە ١٤ تۆن بەڵگەنامەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە سەبارەت بە ڕوداوەکان و بارودۆخی ئیداری و سیاسی و ئەمنی عێراق.



ڕیکلام